سۆران عومەر بۆ حكومەت: هەرچیتان وت لەماوەی ئەم 17 رۆژە بۆ دابەش نەكردنی موچە، هیچی وانەبو
  2024-03-27       299       

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 17 رۆژی رابردودا حكومەتی هەرێم هەرچی پاساوێكی بۆ دابەش نەكردنی موچەی مانگی دو هێناوەتەوە، هیچی وانەبوە. دەشڵێت، ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق پێی وتوە، هەرێم هێشتا لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكانی نەناردوە، "یانی چی سوپاو حەشدو هەواڵگری عێراق لیست ئەنێرێ، هەرێم ناینێرێ؟"

ئاوێنە: دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاری دابەشكردنی موچەی مانگی دوی دا، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێكدا لەژێر ناوی "بۆچی 17 ڕۆژ موچەتان دواخست؟ وتویەتی"هەرچیتان وت لەماوەی ئەم 17 ڕۆژەدا وەک بەهانە بۆ دابەش نەکردنی موچەی مانگی دو، هیچی وانەبو، تەنیا ئەتانەوێ  بە دو مانگ موچەیەک بدرێت."

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"لە 8ی ئازار لیستی موچەتان نارد دوانیوەڕۆی پێنجشەممە بو، وەزارەتی دارایی عێراق هەینی و شەممە دەوامی کردو لەیەکشەممە (11ی ئازار) بڕی 608 ملیار دینار خرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام دابەشتان نەکرد وتتان: دابەشکردنی ئەو پارەی بۆ موچە هاتوە بەشی موچە ناکات، داهاتی ناوخۆ بەش ناکات و پارەی هێزی سەربازی و ئەمنی نەیەت ئەو پارەیە وەرناگرین و دابەشی ناکەین، ئەمە جیاکاری و ناکۆکی ئەخاتە نێوان خەڵکی کوردسان، وتتان ئەم جۆرە لەموچە پێدان قبوڵ ناکەین و ئەوەی پشتیوانی عێراق ئەکات لەم بابەتەدا خائینە!"

سۆران عومەر وتوشیەتی"بەڵام نە پارەی سەربازی هات و نە ئەوانەی وتتان وابو تەنها ویستتان موچە لەکاتی خۆیدا نەدەن! ئەگەر نا، داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم (نەوتی و نانەوتی) لە 600 ملیار زیاترە."

پەرلەمانتارەكە وتوشیەتی"ئەمڕۆش لەپەرلەمان لەوەزیری دارایی تەیف سامیم پرسی موچەی سەربازی هەرێم کەی دەنێرن؟ وتی هەرێم لیستی نەناردوە چی بۆ بنێرم؟ یانی چی سوپاو حەشدو هەواڵگری عێراق لیست ئەنێرێ هەرێم ناینێرێ؟."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×