میدیای یەكێتی: حكومەتی هەرێم 960 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبوەو ئامادەنەبوە کورتهێنانی موچە پڕبکاتەوە
  2024-03-30       268       

میدیای رەسمی یەكێتی بڵاویكردەوە، حکومەتی هەرێم 960 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبوە، بەڵام ئامادەنەبوە کورتهێنانی موچە پڕبکاتەوە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ماوه‌ی سێ مانگی ئه‌مساڵدا ترلیۆنێك و 226 ملیار دیناریشی له‌ به‌غداوه‌ بۆ هاتوه‌

ئاوێنە: میدیای رەسمی یەكێتی، ئەمڕۆ شەممە، لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە"دوای دواکەوتنی موچەی مانگی شوبات کە نزیکەی 60 رۆژی خایاند، ئەمڕۆ شەممە 30ی 3، دەست بە دابەشکردنی کرا و بەگوێرەی لیستی وەزارەتی دارایی بە شەش رۆژ تەواوی فەرمانبەران موچە وەردەگرن و بەوپێیەش موچەی بەشێک لەموچەخۆرانی سەربازی زیاتر لە 62 رۆژ دواکەوتوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی کانونی دوەمی ساڵی 2024، لە رۆژی 2ی 2 دەستیپێکرد و رۆژی 8ی 2 کۆتاییهات، لەدوای ئەو وادەیەشەوە موچەخۆرانی هەرێم نزیکەی 60 رۆژە موچەیان وەرنەگرتوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی 20 رۆژە حکومەتی عیراق موچەی موچەخۆرانی هەرێمی ناردوە."

ئاماژەی بەوەشداوە"رۆژی 11ی 3ی 2024، وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 560 ملیار و 218 ملیۆن و 37 هەزار و 912 دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم، دواتریش وەزارەتی دارایی عیراق بە چەند قۆناغێکی دیکە موچەی ئەو توێژانەی نارد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لیستی موچەکانیان بۆ دارایی عیراق نێردرابو کە بە کۆی گشتی 608 ملیار دینار بۆ موچەی مانگی شوبات نێردرابو، بەڵام حکومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی کورتهێنان لە موچەدا هەبوە ئامادە نەبو موچەی مانگی شوبات دابەش بکات."

میدیای رەسمی یەكێتی هێمای بۆ ئەوە كردوە"بە پشتبەستن بە داتا و ئاماری وەزارەتی دارایی، حکومەتی هەرێم مانگانە 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەیە واتە لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی هەرێم 960 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبوە، بەڵام ئامادەنەبوە کورتهێنانی موچە پڕبکاتەوە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ماوه‌ی سێ مانگی ئه‌مساڵدا ترلیۆنێك و 226 ملیار دیناریشی له‌ به‌غداوه‌ بۆ هاتوه‌، كه‌ به‌كۆی گشتی زیاتر له‌ 2 ترلیۆن و 200 ملیار دینار ده‌كات و له‌و بڕ‌ە‌ش ته‌نها 949 ملیاری بۆ موچه‌ی یه‌ك مانگ خه‌رجكردوه‌."

ئەوەش وتوە"ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم موچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ساڵی رابردوی دابەشنەکردوە و تائێستاش چارەنوسی موچەی ئەو سێ مانگە دیار نییە، هەروەها لە ساڵی 2024 یشدا تائێستا تەنیا یەک موچەی دابەشکردوە و لە ئەمڕۆوە دەستی بە دابەشکردنی دوەم موچەی ئەمساڵ کردوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×