كوردو ئیستەنبوڵ.. دو فایلی گرنگی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا
  2024-03-30       420       
لایه‌نگرانی‌ ده‌م پارتی‌ بانگه‌شه‌ بۆ پارته‌كه‌یان ده‌كه‌ن

ئەنوەر حسێن (بازگر)


سبەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بەبەشداری (61) ملیۆن كەس لە (81) پارێزگا بۆ خولی بیستەم لەنێوان (36) حیزبی سیاسی بۆ (30) گەورە شارەوانی و سەرۆكی شارەوانی و (51) پارێزگا، سەرۆكی شارەوانی (1393) قەزا، (53) هەزار موختار، گوند و گەڕەك لەنێوان (7) حیزبی سەرەكی (AKP،CHP،MHP، DEM،YHI-P،YRP، سعادەت، هودا (پارت)) بەڕێوە دەچێت.

لەم هەڵبژاردنانەدا، دوو بابەت زۆر گرنگن:
یەكەم؛ ململانێ و كێبڕكێ لەسەر دوو شاری (ئیستەنبوڵ و ئەنكەرە) لەنێوان (AKP و CHP). دوەم؛ مەسەلەی كورد و ململانێی سەختی نێوان (DEM، AKP) لەسەر شارەوانییەكانی ناوچە كوردنشینەكان.

لە یەكەمیاندا (AKP) كەمترین چانسی هەیە بۆ بردنەوەی ئەو دوو شارەوانییە گەورەیە و زۆرتر چانسی (CHP) هەیە و ڕاپرسییەكانیش وا دەڵێن كە لە (2019)-وە هەردوو شارەوانییەكەی بەدەستەوەیە، بێگومان ئەوەش بەپشتیوانی دەنگی كورد كە (10%)ی دەنگدەری ئیستەنبووڵە و ئەمجارەش پێدەچێت (DEM)، پشتیوانی لە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ مەنسور یاڤاشی بكات، سەرەڕای گلەییەكانی لە (CHP) لەسەر خولی دوەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی پارساڵ.

بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە (AKP) لەسەر ئاستی هەموو توركیا یەكەم نابێت، وەكو چۆن لە هەڵبژاردنەكانی (2019)، (818-AKP- شارەوانی)، (CHP-432)، (MHP-169)، (HDP-58)، (سعادەت-27) شارەوانیان بردۆتەوە.

خاڵی دوەم؛ پەیوەستە بە مەسەلەی كورد و كاندیدەكانی (DEM) لە ناوچە كوردنشینەكان كە لە (2019) شارەوانییەكانی (ئامەد، مێردین، وان، ئیلیچ، ئیدر، سێرت، جوڵەمێر، قارسی) بردۆتەوە.

ئەگەرچی شارەوانییەكانی تری (دێرسیم، شێرناخ، بەدلیس، ئاگری)، (AKP) بردوویتەوە، (DEM) دەڵێت؛ ئەمجارە دەمانەوێت ئەو چوار شارەوانییە لە چنگ (AKP) دەربهێنین و كۆتایی بە قەیوم بهێنین.  

خاڵێكی تری گرنگ ئەوەیە توركیا پاش هەڵبژاردنی شارەوەنییەكان بەنیازە ئۆپەراسیۆنێكی گەورە بۆسەر (قەندیل، شەنگال، ئاسۆس، گارا، مەتینا، ئاڤاشین و زاپ) ئەنجامبدات، لە ئەگەری بردنەوەی زۆرترین شارەوانی لەلایەن (DEM) ڕەنگە هێندەی تر (AKP) و دەوڵەتی توركیا نیگەران بكات و هێرش و پەلامارەكانی توندترو خێراتر بكات، چونكە ئاردۆگان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتی؛ جیاوازییەك نییە لە نێوان ئەوانەی خۆیان هەڵدەبژێرن لەناو شار و ئەوانەی لەشاخن، تەنانەت ئەمەی ئاڕاستەی (CHP)ش كرد.
واتا دوای پرسی هەڵبژاردن و دیموكراسی ڕاستەوخۆ پرسی جەنگ و لەباربردنی دیموكراسی دەستپێدەكات.
واتا لەشەڕی سندوقی دەنگدانەوە، بۆ شەڕی درۆن و (F-16).

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×