سبه‌ی واده‌ی تۆمارکردنی ناوی کاندیدانی‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كۆتاییدێت
  2024-03-30       208       


سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌، وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان كۆتاییدێت.

ئاوێنه‌: تائێستا دو جار کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق واده‌ی‌  تۆمارکردنی ناوی کاندیدانی‌ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان درێژكردۆته‌وه‌ كه‌ دواینیان ڕۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ ڕابردو بو، كۆمسیۆن له‌زاری‌ وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 72 كاتژمێر واده‌كه‌ی‌ درێژكرده‌وه‌.

درێژكردنه‌وه‌ی‌ وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تائێستا  پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڕیاری‌ كۆتایی نه‌داوه‌ كه‌ به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژارنی‌ حولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات یاخود نا.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا پارتی‌و یەکێتی لیستی کاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکردووه‌.

وتیشی‌، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە. لەماوەی رابردوشدا کاری زۆر باشی لەنوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و حزب و هاوپەیمانێتییەکان کردووە".

جومانە غەلای ده‌ڵێت، تا ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکی کۆمیسیۆن نەکراوەو پابەندن بەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەمانگی حوزەیرانی داهاتودا.  

به‌پێی‌ ئه‌و واده‌یه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌سه‌ری‌ ڕێككه‌وتون، بڕیارە ڕۆژی‌ 10ی 6ی 2024، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت‌و تیاییدا ھەرێم کراوەتە چوار بازنەی هه‌ڵبژاردن‌.

هه‌روه‌ها كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ 111 كورسییه‌وه‌ بۆ 100 كه‌مكراوه‌ته‌وه‌و بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە، 34 کورسی بۆ پارێزگای ھەولێر، 38 کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، 25 کورسی بۆ پارێزگای دھۆک‌و سێ کورسیش بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دەبێت.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×