مەكتەبی سیاسیی یەكێتی: جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا دەكەینەوە
  2024-04-02       334       

مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە لەو وادەیەی كە سەرۆكایەتی هەرێم دیاری كردوە. دەشڵێت، داخوازی هاوڵاتیان بۆ موچەو بودجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنیاو تەنیا لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، مەکتەبی سیاسیی یەكێتی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەكە لە دەباشان كۆبوەوەو بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، مەكتەبی سیاسی دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕو مەبدەئی یەکێتی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە 10/6/2024.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی كراوەو "هەڤاڵان بەتێکڕا لەگەڵ پابەندێتیی هەمو لایەک بون بەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوەو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردوە."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزمونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانەو خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازادو دیموکرات کردەوە کە پابەندبون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە."

کۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دوپاتیشی کردۆتەوە كە  "نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ  داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت."

لەبارەی داخوازی هاوڵاتیانیش بۆ موچە و بودجە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وتویەتی"داخوازی هاوڵاتیان بۆ موچەو بودجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنیاو تەنیا لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشتبەستو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات."

دەقی راگەیەندراوی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

مەکتەبی سیاسیی  بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوەو دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕو مەبدەئی یەکێتی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە (١٠-٦- ٢٠٢٤).

لە کۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢-٤ لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لەم بوارەدا بەرێوەچو، هەڤاڵان بەتێکڕا لەگەڵ پابەندێتیی هەمو لایەک بون بەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوەو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردوە.

کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزمونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانەو خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازادو دیموکرات کردەوە کە پابەندبون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە.

کۆبونەوە دوپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ  داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.

مەکتەبی سیاسی هەڵوێستی رون و ئاشکرای یەکێتی تەئکیدکردەوە کە ئەمڕۆ داخوازی هاوڵاتیان بۆ موچەو بودجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنهاو تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشتبەستو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.

بەشێکی کۆبونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتیی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە،  کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی سەردانەکەی بە سەرکەوتو  و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی پەیوەندی یەکێتی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٢ ی ٤ ی ٢٠٢٤

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×