مەحمود عوسمان: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە تەواوی قەوارەی هەرێمیان لاوازکردووە
  2024-04-04       236       

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، نیگەرانە لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەرامەبەر هەرێمی کوردستان و پێیوایە بڕیارەکان "زیانی زۆریان" بۆ قەوارەی هەرێم هەبووە، بە تایبەت بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی.

مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند: "بە دڵنیایەوە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بە تەواوی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان لاوازکردووە، چونکە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەهێشت و گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن کرد و کۆتاکانی نەهێشت؛ هەر ئەوەندە ماوە بڕیارێک دەربکات و بڵێت هەرێمی کوردستان شەرعی نیە، چونکە لە کاتی سەدام دروستبووە".

بە بڕوای مەحمود عوسمان، بەردەوامی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێگە خۆشدەکەن بۆ دەستێوەردانی زیاتری دەرەکی.

مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمریکای وت: "خوێندنەوەی من بۆ کورد 20 ساڵ لەمەوپێش چۆنبوو ئێستاش بە هەمانشێوەیە و من وتوومە کورد نەگبەتە و دژی یەکن و ڕێکناکەون و یەکناگرن، ئەمەی کە ئێستا بەرۆکیانی گرتووە کێشەکان تەنها خۆیانن، چونکە گەر یەکگرتووبوونایە، نە دادگای فیدراڵ بڕیاری دەردەکرد نە بەغداش دەیتوانی دژی بوەستێتەوە، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق ئەم پەرتەوازەییەی پێخۆشە تا کوردستان لاواز دەربکەوێت".

مەحمود عوسمان لەبارەی بوونی دەستی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانەوە وتی، "دەستی دەرەکی لە نێو خۆی کوردستان و عێراقدا بە ئاشکرا بوونی هەیە؛ لەلایەن ئێران بە نمرەی یەکەم و دواتر دەستێوەردانەکانی تورکیا، بەڵام ئێران لە هەمووی زیاترە و لەم هەڵبژاردنەش بە هەمانشێوەیە".

بە بڕوای سیاسەتمەدار مەحمود عوسمان، سەرەڕای ئالۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، دەرفەت لە نێوان هەردوو لا هەیە بۆ گەیشتنە سازان و چارەسەر.

مەحمود عوسمان وتی، "پێدەچیت ئەوەی پارتی وتی بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە و گرفتەکان بە ئاراستەی چارەسەر بچن، چونکە هەوڵێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن".

مەحمود عوسمان له‌ باره‌ی دادگای فیدراڵی و بڕیاره‌كانی دەڵێت، "ئەم دادگایە دەستووری نییە کە لە دەستووردا هاتووە. دادگا دەستووریەکە ئەوەبوو کە نەتوانرا لە پەرلەمان لەبەر رێکنەبوونی لایەنەکان دروستبکرێت، بەڵام لەسەر یاسای زەمانی بڕێمەر دروستبووە و کوردیش خۆی دەنگی بۆداوە؛ ئەوەش هەڵەیەکی کوردە. ئەو دادگایە هەر لەخۆیەوە بڕیار نادات، گەر سکاڵای لەلانەکرێت، بۆیە کورد خۆی دۆخەکە دەشێوێنێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×