وه‌زاره‌تى دارایی عێراق: موچه‌ى مانگى 3ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ین
  2024-04-04       394       

له‌ڕێگه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكه‌وه‌، وه‌زاره‌تى دارایی عێراق ئاشكرایكرد، موچه‌ى مانگى 3ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ن، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "دادگای باڵای فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لەخەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێم ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌".

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وه‌زیرانی عێراق و ڕەزامەندی تەیف سامی وەزیری دارایی؛ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیکرد بەخەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ).

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "سه‌ره‌تا موچه‌ى کەمئەندامان لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، شایستە داراییەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفال، گرێبەستەکان و شایستەییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان خه‌رجكراوه‌".

وەزارەتی دارایی عێراق لەراگەیەندراوەکەیدا باسی لە خەرجکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی نەکردووە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق دادگای باڵای فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردووەتەوە، "بەوپێیەی تەواوکردنی میکانیزمی خۆجێیکردنی (تەوتینکردن)ـی مووچەکانیان پێویستی بە ماوەیەکی زیاتر هەیە".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×