رێباز حەملان: دوای جەژن بانكی تی بی ئای عێراقی دێتە نێو پڕۆژەی هەژماری من
  2024-04-06       782       

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی فیعلی جیاکراوەتەوە. دەشڵێت، دوای جەژن بانکی (تی بی ئای)ـی عێراقی دێتە نێو پڕۆژەی هەژماری من."

ئاوێنە: رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای پارتی وت"کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنها موچە نییە؛ پرسی نەوتە، جێبەجێکردنی ماددەی 140، هێزەکانی پێشمەرگە، بودجەی گشتیی عێراق و چەند پرسێکی دیکەشە. خەڵک پرسی بودجە تەنها لە موچەدا بچوک دەکاتەوە، موچە بەشێکی بچوکی بودجەیە، بۆیە ئەو هەوڵانەی سەرۆکوەزیران داویەتی، تەنها بۆ موچە نەبوە، بۆ هەمو مافە دەستورییەکان بوە".

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو شاندانەی دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، نوێنەرانی هەمو ئەو حزبانەی تێدایە کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارن و ئاگاداریی وردەکارییەکانن".

ڕێباز حەملان ئەوەشی خستەڕو، "ئەو کاتانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمو ڕویەکەوە ڕوبەڕوی بڕیاری نادەستوری و فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە؛ کەس نایەت بەرگریی بکات، بەڵام کاتێک بڕیارێکی دڵخۆشکەر بۆ خەڵک دەدرێت، هەموان خۆیان دەکەنە خاوەنی".

رێباز حەملان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنمان لەبارەی موچە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی فیعلی جیاکراوەتەوە."

وتیشی"دوای جەژن بانکی (تی بی ئای)ـی عێراقی دێتە نێو پڕۆژەی هەژماری من و دەرگا بۆ هەمو بانکە ئەهلییەکانی دیکەی عێراق کراوەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریی پڕۆژەکە بکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×