کۆمیسیۆن تیروپشک بۆ پێدانی‌ ژمارە به‌پارت‌و هاوپەیمانێتی‌و كاندیده‌ سەربەخۆكانی‌ دەکات
  2024-04-07       307       

بڕیارە سبەی کۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق تیروپشک بۆ پێدانی‌ ژمارە به‌پارت‌و هاوپەیمانێتی‌و كاندیده‌ سەربەخۆكانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان بکات.

ئاوێنه‌: محەمەد یونس، بەڕێوەبەری‌ راگەیاندنی‌ کۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق رایگەیاند، سبەی دوشه‌ممه‌، تیروپشک بۆ پێدانی‌ ژمارە بەلیست‌و هاوپەیمانێتی‌‌و كاندیدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان دەکرێت و هیچ نیازێک بۆ دواخستنی‌ نییە.

پێشتریش عیماد جەمیل، سەرۆکی‌ تیمی‌ رۆژنامەوانیی‌ کۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی‌ عێراق رایگەیاندبو، تیروپشکه‌كو کاتژمێر 11:00ی‌ پێشنیوەڕۆ لەبارەگای‌ کۆمیسیۆن لەبەغدا ئه‌نجامده‌درێت.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ پێشتری‌ کۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ ھەڵبژاردنەکانی‌ عێراق، دو هاوپەیمانێتی‌‌و 10 حیزب‌و  54 كاندیدی‌ سەربەخۆ لیستی‌ كاندیده‌كانیان ڕادەستی‌ كۆمسیۆن کردووە. 

به‌پێی‌ ئه‌و واده‌یه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌سه‌ری‌ ڕێككه‌وتون، بڕیارە ڕۆژی‌ 10ی 6ی 2024، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت‌، به‌ڵام هێشتا ڕون نییه‌ هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی‌ بۆی‌ دیاریكراوه‌، ئه‌نجامده‌درێت یاخود بۆ جاری‌ چواره‌م دواده‌خرێته‌وه‌.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا سێ وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە (1ی‌ 10ی‌ 2022، 18ی‌ 12ی‌ 2023، 25ی‌ 2ی‌ 2024)، بەڵام لەهیچ کام لەو وادانەدا به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ هەڵبژاردن ئەنجامنەدراوه‌. 

له‌ئێستادا پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ عێراق 11 كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌و ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی بۆ 100 كورسی كه‌مكردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی كوردستانی له‌ (یه‌ك بازنه‌)ییه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ (فره‌ بازنه‌)و كوردستانی دابه‌شی‌ چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن كردووه‌، دژایه‌تی‌ خۆی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌دا نیشانداوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×