شه‌پۆلێكی دیكه‌ی باران و ته‌رزه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌
  2024-04-09       203       

شه‌پۆلێكی دیكه‌ی بارانبارین و ته‌رزه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ و هه‌وره‌ بروسكه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌بێت، كه‌شناسێكی كوردیش زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ڕوو.

پشتیوان ئیبراهیم، شاره‌زای كه‌شناسی به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند: شەپۆلێکی تری بارانبارین کە سەرچاوەی هەردوو دەریای ناوەڕاست و ده‌ریایی سورە لە ئێوارە بۆ شەوی ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر چوارشەممە 9-10ی نیسانی 2024، ناوچەکانی هەرێم دەگڕێتەوە.

باسی له‌وه‌شكرد: سەرەتا لە باکووری هەرێم لە ناوچەکانی پاڕێزگای دهۆک و زاخۆ بارانەکە دەست پێدەکات و بەپێی کات دەگاتە ناوچەکانی دیکە، شەو باران بارینەکە سەرجەم ناوچەکان دەگڕێتەوە و بەشێوازی بچڕ بچڕ و تاوە بارانی بەهارە تا شەوی چوارشەممە 11ي نيساني 2024، بەردەوام دەبێت و پاشان لاواز دەبێت.

به‌ وته‌ی ئه‌و كه‌شناسه‌ كورده‌، لەو شەپۆلەدا بارانەکە مامناوەندە و هەندێ کات تاوە بارانی بەخوڕی لەگەڵ دەبێت لەگەڵ هەورەگرمە و هەورەتریشقەی بەهێز و تەرزە.

ئه‌وه‌شی وت: "بارانی باش دەباڕێ و رێژەکە بەپێی ناوچەکان جیاوازە شەپۆلەکە بەگشتی ناوچەکانی هەرێم دەگڕێتەوە و ئەگەری هەیە لە هەندێ ناوچە ئاستەنگی هاتوچۆ دروستت بێت بەهۆی کۆبونەوەی ئاو لە ڕێگاکاندا، هەروەها ناوبەناو خێرایی با دەست بەچالاکی دەکات و بەپێی ناوچەکان کاریگەری دەبێت و لە ناوچەشاخاوییەکان خێرایی زیاترە".

له‌ باره‌ی واده‌ی كۆتایی هاتنی شه‌پۆله‌كه‌وه‌ پشتیوان ئیبراهیم وتی، "لە رۆژی هەینی 13ی نیسانی 2024، شه‌پۆله‌كه‌ کۆتایی دێت و کەش سەقامگیر دەبێتەوە و ئاسمان هەور و خۆر دەبێت". 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×