ئێران: ئێس 300ی روسی لەكاتی هێرشەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر سوریا، كارناكات
  2019-01-25       1363       

سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ سیستمی موشەكی ئێس 300ی روسی لەسوریا لەكاتی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو وڵاتە كارناكات.

ئاوێنە: حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاند"سیستمی موشەكی بەرگری ئاسمانی ئێس 300ی روسی لەسوریا جێگیركراوە لەكاتی هێرشەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر سوریا ناكارا دەكرێت. ئەوەش رەخنەی توندی دژ بە روسیا هێناوەتە ئارا."

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەگەر سیستمی ئێس 300 كاربكات، ئیسرائیل ناتوانێت بەئاسانی هێرشەكانی لە خاكی سوریا ئەنجام بدات.

ئەو قسانەی فەلاحەت پیشە دوای چەند هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا دێن كە چەند پێگەیەكی سوپای سوریاو هێزەكانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی لەو وڵاتە كردە ئامانج كە بەپێی روانگەی سوری لەو هێرشانەدا 21 كەس كوژراون كە زۆرترینیان لە هێزە ئێرانییەكانن، بەڵام فەلاحەت پیشە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئیسرائیل زیادەڕۆیی دەكات لە ئاماری كوژراوەكاندا.

سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران وتویەتی"پێدەچێت جۆرێك لە هەماهەنگی لەنێوان هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەو سیستمەی ئێس 300ی روسیادا هەبێت كە لەسوریا جێگیركراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×