ترەمپ: چۆن شانبەشانی كوردەكان دژ بە عێراق نەجەنگاین لە سوریاش وادەكەین
  2019-10-13       946       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت؛ دو ساڵ لەمەوبەر زۆر كەس دەیانویست ئێمە لەگەڵ كوردەكان دژ بە عێراق شەڕ بكەین بەڵام من وتم؛ نا. ئێستا هەمان شت بەرامبەر بە توركیا رودەدات.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە زنجیرەیەك تویتدا رایگەیاند"كارێكی زیرەكانەیە كە لە شەڕی سەر سنوری توركیاوە نەگلاوین...ئەوانەی پاڵیان پێوە ناین بۆ هەڵەی شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستاش وا ئەكەن. هیچ بیرۆكەیەكیان لەبارەی ئەو بڕیارە خراپەوە نییە كە داویانە. بۆچی داوای راگەیاندنی جەنگ ناكەن؟"

ترەمپ وتوشیەتی"بیرتانە دو ساڵ لەمەوبەر كاتێك عێراق شەڕی دژ بە كوردەكان كرد...؟ زۆر كەس دەیانویست هاوشانی كوردەكان دژ بە عێراق شەڕ بكەین، كە پێش ئەوە لە یەك سەنگەردا دەجەنگاین. پێم وتن نەخێرو كوردەكانیش دوجار شەڕیان نەكرد. ئێستاش هەمان شت لەگەڵ توركیا دەكەین."

سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی وتوە"كوردەكان و توركیا ساڵانێكی زۆر شەڕی یەكدی دەكەن. توركیا پەكەكە بە خراپترین تیرۆریست دەزانێت. رەنگە خەڵكانی تر ئارەزوی ئەوەیان هەبێت بچنە نێو شەڕەكە و شەڕ لەپێناو لایەنێكیاندا بكەن. لێیان گەڕێن. ئێمە لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكەین. شەڕەكان كۆتاییان نایەت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×