شەڕڤانان نزیكەی 1000 هاوڵاتی مەدەنی لەدوا مۆڵگەی داعش رزگاردەكەن
  2019-02-22       587       

تیمە تایبەتەكانی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) كەمێك لەمەوبەر نزیكەی هەزار مەدەنیان لەو ناوچە بەرتەسكەی ژێر دەستی چەكدارانی داعش لە باغۆز بۆ شوێنێكی ئارام گواستەوە.

ئاوێنە: ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكردۆتەوە كەمێك لەمەوبەر تیمە تایبەتەكانی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە باغۆز نزیكەی یەك هەزار هاوڵاتی مەدەنیان رزگاركرد كە داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاری دەهێنان.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە لەڕێگەی چەند ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری مامناوەندەوە بۆ شوێنێكی ئارام گوازراونەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری شایەتحاڵێكەوە بڵاویكردۆتەوە كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەكی زۆر بارهەڵگر كە هاوڵاتی مەدەنیان هەڵگرتوە، لە ناوچەی باغۆز دوا مۆڵگەی چەكدارانی داعشیان جێهێشتوە.

رۆیتەرز نوسیویەتی؛ هێشتا دیار نییە كە ئاخۆ هاوڵاتی مەدەنی دیكە لەو ناوچەیەی ژێر دەستی داعشدا ماون كە هەسەدە دەیەوێت هەمویان دەرباز بكات بەر لە دەستپێكردنی هێرش بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچەیە.

 

بەر لە پرۆسەی گواستنەوەی ئەو مەدەنیانە، ئاژانسی هاوار نیوز هەر ئەمڕۆ هەینی ڤیدیۆیەكی ئەو ناوچەیەی ژێر دەستی داعشی بڵاوكردەوە كە لەلایەن پەیامنێرانییەوە لەدوری چەند مەترێكەوە گیراوەو تێیدا دەردەكەوێت كە چەكدارانی داعش لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەكەدان بەشێوەیەك كە وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریاندەهێنن.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×