ئەنجومەنی پیران دەسەڵاتەكاتی ترەمپی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژبە ئێران سنوردار كرد
  2020-02-14       608       

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی وڵاتی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژبە ئێران پەسەندكرد، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكرابو.

ئاوێنە: لە دەنگدان بە بڕیارەكەدا، هەشت ئەندامی ئەنجومەنی پیران لە كۆمارییەكان لەگەڵ دیموكراتەكان دەنگیان لە بەرژەوەندی پەسەندكردنی بڕیارەكەداو بەوەش بڕیارەكە بە 55 دەنگی بەڵێ و 45 دەنگی نەخێر پەسەندكرا.

پڕۆژە بڕیارەكە دەسەڵاتەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژبە ئێران سنوردار دەكات و هەروەها پابەندی دەكات بە كشاندنەوەی ئەو هێزانەی كە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژبە ئێران ئەنجام دەدەن تەنها لەو حاڵەتەدا نەبێت كە كۆنگرێس جەنگ رابگەیەنێت یاخود بڕیارێكی دیاریكراو بدات بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی.

ترەمپ رایگەیاند، مافی ڤیتۆ بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكە بەكاردەهێنێت.

ئەوانەی دژبە بڕیارەكەن، پێیان وایە پەسەندكردنی بڕیارەكە پەیامێكی هەڵە دەگەیەنێتە ئێران و جیم ریش، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران وتی"پێویستمان بەوەیە پەیامێكی بگەیەنین كە رەنگدانەوەی هێز بێت نەك لاوازی."

بەڵام تیم كین، سیناتۆری دیموكراتەكان پێی وایە دەنگدان بە بڕیارەكە رەنگدانەوەی هێزەو گرنگی دەستوەردانی كۆنگرێس دەردەخات بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بڕیاری بڵاوكردنەوەی هێزە ئەمریكییەكاندا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×