پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە كۆدەبێتەوە
  2019-03-09       902       

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یەكخستنی هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بە ئامادەبونی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە كۆببێتەوە.

ئاوێنە: كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ وه‌رزی‌ دوه‌می‌ یاسادانانی‌ په‌رله‌مانه كە بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە بڕیارە سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەست پێبكات.

بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكە كە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوەو وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە لە بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكەدا بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق وتەیەك پێشكەش دەكات.

هەر بەپێی كارنامەكە بڕگەی دوەم تەرخان كراوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یەكخستنی هەوڵەكانی دەسەڵاتەكان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی ئیداری و دارایی، ئەوەش بە ئامادەبونی هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بەوەكالەت و هەروەها سەرۆكی دەستەی نەزاهە بەوەكالەت.

بەپێی زانیارییەكان كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان لەبینای پەرلەمانی عێراق ئەنجام نادرێت بەڵكو لە بینای پێشوی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەڕێوەدەچێت كە دەكەوێتە ناوچەی عەلاوی لە شاری بەغدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×