قەیرانی ئۆکرانیا چۆن کۆتایی دێت؟
  2022-02-27       3097       
کیسنجەر

 

هێنری کیسنجەر

وەرگێرانی بۆ کوردی: چیا عەباس

 

باسکردنی خەڵک بە گشتی لە سەر ئۆکرانیا دەربارەی پێکدادانەکەیە، بەڵام ئایا ئێمە دەزانین بەرەو چی دەرۆین؟ لەژیانمدا چوار شەڕم بینیوە کە بەپەرۆشی و گرجوگۆڵی گەرم و پشتگیری خەڵک دەستیان پێکردوە، بۆ هەر هەمویان نەماندەزانی چۆن کۆتاییان دێت. لە سێ لەو شەڕانەی کە پشتگیریمان کرد تاکلایەنە کشاینەوە. گرنگی سیاسەت لەوەدایە چۆن کۆتایی دێت نەک چۆن دەست پێدەکات. زۆرجار پرسی ئۆکرانیا وەک پرسێکی یەکلاکەرەوە خراوەتەرو، ئایا ئۆکرانیا لە گەڵ رۆژهەڵات یاخود رۆژئاوادا دەبێت. بەڵام ئەگەر ئۆکرانیا ئەیەوێت بمێنێت و گەشە بکات نابێت پۆستی لایەک بێت دژ بە لایەنەکەی تر. بەڵکو وەک پردیك لەنێوانیاندا کار بکات.

 

گەر روسیا بیەوێ ئۆکرانیا بەناچاری بکاتە دەوڵەتێکی پاشکۆی خۆی و جارێکی تر سنورەکانی روسیا بگۆرێت، مۆسکۆ خولەکانی مێژوی خۆی دەربارەی فشاری دولایەنە لە گەڵ ئەوروپا و ئەمریکا بە ناچاری دوبارە دەکاتەوە.

 

دەبێت رۆژئاوا لەوە تێبگات کە ئۆکرانیا هیچکات بۆ روسیا نابێتە وڵاتێکی بێگانە، مێژوی روسیا لەوەوو دەست پێدەکات کە پێی دەڵێن کیڤان_ روس، ئیمان و ئاینی روسی هەر لەوێوەوەبڵاوبۆتەوە، ئۆکرانیا چەندین سەدەیە بەشێک بوە لە روسیا و مێژویان لە گەڵ یەکتر بەچروپڕی تێکەڵاو بوە، بەشێک لە شەرە گرنگەکانی بۆ ئازادی روسیا، کە بەشەری پۆڵتاڤا لەساڵی ١٧٠٩ دەستیان پێکرد، لە سەر خاکی ئۆکرانیا رویان داوە. کەشتی گەڵی سەربازی دەریای رەش – ئامرازێکی روسیە بۆ هێز و نفوزی لە دەریای سپی ناوەراست، لە بەندەری سێڤاستۆپۆلو سەر نیمچە دورگەی قرم جێگیر بوە. تەنانەت یاخیبوە ناودارەکانی وەک Aleksandr Solzhenitsyn و Joseph Brodsky پیداگریان دەکرد لەوەی ئۆکرانیا بەشێکی رەسەنی مێژوی روسیا بوە.

 

یەکێتی ئەوروپا دەبێت دان بەوەدا بنێت کە خاوخلیچکی بیرۆکراسی و بەکارهێنانی پرسە ستراتیجیەکان بۆ مەرامە سیاسیە ناوخۆییەکانیان لە دانوستاندنەکاندا دەربارەی پەیوەندیەکانیان لە گەڵ ئۆکرانیا بۆتە هۆکارێک کەدانوستاندنەکان بەقەیران بکات، چونکە سیاسەتی دەرەوە هونەری دروستکردنی ئەوەلیەتەکانە. ئۆکرانیەکان خۆیان یەکلاکەرەوەی چارەنوسیانن، لە وڵاتێکدا دەژین کە مێژویەکی ئاڵۆز و فرە پێکهاتەی هەیە. بەشی رۆژئاوای ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩٣٩ کاتێک ستالین و هتلەر زەویەکانیان دابەشکرد خرایە سەر یەکێتی سۆڤیەت. نیمچە دورگەی قرم کە لە٦٠% دانیشتوانەکەی روسن، لە ساڵی ١٩٥٤ بوە بەشێکی ئۆکرانیا، نیکیتا خرۆشۆڤ، لە دایکبوی ئۆکرانیا، وەک بەشێک لە یادکردنەوەی سێ ساد ساڵەی رێکەوتنی روسیا لە گەڵ قەوقاز پاداشتی دایەوە.

 

بەشی زۆری رۆژئاوای ئۆکرانیا کاثۆلیکن ئۆکرانی قسەدەکەن. بەشی زۆری رۆژهەلات ئۆرثۆدۆکسی روسین و روسیش قسەدەکەن. هەر هەوڵێک لەلایەن یەک لایەنی ئۆکرانیا بۆ باڵادەستی بەسەر لایەنەکەی تردا ( کە بۆتە نەریتێک) دەبێتە هۆکاری شەری ناوخۆ و پارچە پارچە بونی ئۆکرانیا. مامەڵەکردنی ئۆکرانیا وەک بەشێک لە ململانێی (رۆژئاوا-رۆژهەڵات) بۆ دەیان ساڵ رێگر دەبێت لە بەردەم ئەوەی روسیا و رۆژئاوا – تایبەت روسیا و ئەوروپا – سیستەمێکی هاوکارینێودەوڵەتی پێکەوەیی پێك بهێنن.

 

ئۆکرانیا بۆ ٢٣ ساڵە سەربەخۆیە، پێشتر لە سەدەی ١٤ ەوە لە ژێر جۆرێک لە دەسەڵاتی دەرەکیدا بوە، جێگەی سەرسورمان نیە کە سەرکردەکانی فێری هونەری کۆمپرۆمی ( سازش) نەبون و کەمتریش لە مێژو فێری ئەگەرە سیاسیەکان بون. سیاسەتەکانی دوای سەربەخۆیی ئۆکرانیا راشکاوانە پیشانی دەدەن کە هەوڵەکانی سیاسەتمەدارەکانی ئۆکرانیا بۆسەپاندنی خواستیان بەسەر بەشە یاخیبوەکانی وڵاتەکە رەگی کێشيکەیە، جارێک لەم لایەن و جارێکی تر لەلاکەی ترەوە. ئەمە کرۆکی سەرەکی ململانێی نێوان Viktor Yanukovych و Yulia Tymoshenko کە رکابەری سیاسی سەرەکی یەکتر بون. .ئەم دو زاتە نوێنەرایەتی دو باڵەکەی ئۆکرانیا دەکەن و نەیان ویستوە دەسەڵات لە نێوان خۆیان دابەش بکەن.

 

سیاسەتی ئەقڵانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئۆکرانیا، گەرانە بەدوای رێگەیەکدا تا دو بەشەکەی ئۆکرانیا هاریکاری یەکتر بن. دەبێتئێمە بەدوای تەباییاندا بگەرێین نەک دەسەڵاتی رەهای لایەنێکیانبەسر ئەوی تردا. روسیا و رۆژئاوا، لای کەمی هێزە جیاوازەکانی ئۆکرانیاش، ئیشیان لەسەر ئەم پرەنسیپە نەکردوە، هەر یەکێکیان دۆخەکەیان خراپتر کردوە. روسیا بێئەوەی خۆی روبەروی دابران نەکات ناتوانێت چارەسەری سەربازی بسەپێنێت لە کاتێکدا زۆربەی سنورەکانی روسیا ئارام نین.

 

بۆ رۆژئاواش بە شەیتانکردنی ڤلادیمیر پوتین سیاسەتکردن نیە، ئەم بە شەیتانکردنەش پاساوێکە بۆ غیابی سیاسەتێکی رون و ئاشکرا. دەبێت پوتین لەوە تێبگات، هەرچەندە تورەش بێت، کە سیاسەتی سەپاندنی سەربازی شەرێکی ساردی تر دروست دەکات. دەربارەی پشکی ئەمریکاش پێویستە وەک لادەرێک مامەڵەی روسیا نەکات کە هێدی هێدی پوتین فێری ئەو رێسا قورسانە بکات کە واشنتۆن خۆی دایرشتون. پوتین ستراتژیستێکی جدیە، تێگەیشتنی بۆ نەفسیەت و بەهاکانی ئەمریکا بەهێز نیە، هەروەها دارێژەرانی سیاسەتی ئەمریکاش تێگەیشتنیان بۆ مێژو و نەفسیەتی روسیا بەهەمان شێوە بەهیزنیە. سەرکردەکانی هەردولا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکان نەک رکابەری بکەن بۆ هەڵوێست وەرگرتن.

 

لێرەدا تێبینیەکانم دەربارەی ئاکامەکانی کێیبرکێ لەگەڵ رەچاوکردنی بەرژەوەندی و بەهاکانی هەمو لایەنەکان ئەخەمەڕو:

* ئۆکرانیا مافی هەیە بەئازادی پەیوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی بە ئەوروپاشەوە هەڵبژێریت.

* نابێت ئۆکرانیا ببێت بە ئەندامی ناتۆ، حەوت ساڵ پێشتر کە پرسەکە باسکرا هەمان هەڵوێستم هەبو.

* ئۆکرانیا ئازادە بۆ دیاریکردنی ئەو حکومەتەی کە خەڵکەکەی بریاری لێئەدات. سەرکردە ئاقڵەکانی ئۆکرانیا کار بۆ ئاشتبونەوە و بەیەکەوە ژیانی بەشە جیاکانی وڵاتەکەیان بکەن. لەسەر ئاستی ێودەوڵەتیش پێگەیەک هەڵبژێرن لەوەی فنلاند بچێت.نابێت ئۆکرانیا دەربارەی سەربەخۆیی و کاری هاوبەش لە زۆر بواردا لە گەڵ رۆژئاوا هیچ گومانی هەبێت، خۆشی لە دوژمنایەتیکردنی سیاستەماتیکی روسیا بەدور بگرێت.

* لکاندنی نیمچە دورگەی قرم بە روسیاوە لە گەڵ پرەنسیپەکانی ئێستای دۆخی دنیا نەگونجاوە، دەکرێت پەیوەندی قرم لە گەڵ ئۆکرانیا لە سەر زەمینەیەکی توند و رەق نەبێت. بۆ ئەو مەبەستە دەبێت روسیا دان بە سەروەری ئۆکرانیا بە سەر نیمچە دورگەی قرمدا بنێت، دەبێت ئۆکرانیاش لە هەڵبژاردنێکدا بە ئامادەبونی چاودێرە نێودەوڵەتیەکان ئۆتۆنۆمی ئەو نیمچە دورگەیە بەهێزتر بکات. ئەم پرۆسەیە نابێت پێگەی پێگەی کەشتیگەلی سەربازی دەریای رەش لە سێڤاستۆپۆڵ لە خۆبگرێت و نابێت دو پێوانەیی مامەڵەی لە گەڵ بکرێت.

 

ئەمانە پرەنسیپن نەک رەچەتە:! ئەو کەسانەی شارەزای ناوچەکەن دەزانن کە بەشێک لە لایەنەکان ئەم خاڵانەیان بەدڵ نیە. تاقیکردنەوەکە بۆ رزایکردنی رەها نیە بەڵکو بۆ نارازیەکی هاوسەنگە. ئەگەر بەشێک لە چارەسەرەکانلەسەر بنەمای ئەم خاڵانە یا هاوشێوەی نەگاتە ئامانج، هەڵچون بەرەو پێکدادانەکان خێراتر و زوتر دێت و روئەدەن.

 

سەرچاوە: واشنتۆن پۆست

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×