ئێران ئەمدیو سنورەكانی خۆی لێبوەتە ئیسرائیل
  2022-03-18       1749       

ئا: ئاوێنە

 

ئێران بەردەوام هەڕەشە لەهەولێر‌و پارتی دەكات كە "میوانداریی‌و هاوكاری ئیسرائیل" نەكات، بەشێك لەشارەزایانی سیاسی كۆماری ئیسلامیش دەڵێن "سێ‌ ئامانجی دیكە لەهەولێردان ئەگەری زۆرە لەڕۆژانی ئایندەدا زەبری توندتریان لێبسرەوێندرێت".

 

لەكاتێكدا كە بەرپرسانی ئیسرائیلی لەهاتوچۆیەكی بەردەوامدان بۆ وڵاتانی دەوروبەری ئێران‌و پەیمانی هاوكاری سیاسی‌و دۆستایەتی دیبلۆماسیان لەگەڵ دەبەستن‌و بەئاشكرا لەپلانداڕشتندان دەربارەی چۆنیەتی روبەڕوبونەوەی كۆماری ئیسلامی، هەر لەتوركیاو کۆماری ئازەربایجانەوە بگرە تا دەگات بەئیمارات‌و بەحرێن‌. هاوكات رۆژانەش سوپای ئیسرائیل لەسوریادا زەبری كوشندە لەسوپای پاسداران‌و کۆپییەکانی دەوەشێنێت‌و تاکە سوپای ئەم ناوچەیەیە کە رۆژانە پاسدار دەکوژێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەهۆی حزبوڵای لوبنان‌و بونی هەزاران پاسدارییەوە لەسوریا بەگشتی‌و لەسەر سنوری جۆلان بەتایبەتی‌‌ سنوری وا بەسنوری ئیسرائیلەوە، لەبری ئەوەی هێرشی راستەوخۆ بکاتە سەر ئیسرائیل لەو سنورانەوە یان لەڕێگەی موشەکە دورهاوێژەکانیەوە، کەچی لەنێو ئەم جوگرافیا فراوانەدا بەهەولێرەوە گرتویەتی‌و رۆژانە لەزاری گەورە بەرپرسانیەوە هەڕەشەی تەمێ‌ كردنی لێدەكات لەسەر ئەوەی میوانداریی ئیسرائیل‌و موسادی کردوە، پێدەچێ ئێران ئەمدیوی سنورەكانی (هەرێمی كوردستان)ی لێبوبێت بەئیسرائیل‌و هەولێریش بەبنكەی موساد بزانێت.

 

میدیاكانی ئێران‌و ئیسرائیل پێشبینی دەكەن لەڕۆژانی ئایندەدا كە چارەنوسی گفتوگۆكانی ڤێنا دیاریدەكرێ‌‌و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق‌و حكومەتێكی نوێ‌ یەكلایی دەبێتەوە، هاوكات ململانێكانی نێوان ئیسرائیل‌و ئێرانیش رو لەهەڵكشان بكات‌و ئەنجامی جەنگی ئۆكرانیاش دەربكەوێت كە كۆماری ئیسلامی چارەنوسی خۆی بەچارەنوسی روسیاو پۆتینەوە بەستوەتەوەو خۆی بەشەریكی بردنەوەو دۆڕانی ئەو جەنگە دەزانێت، گوشاری كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هەولێر‌و پارتی زیاتر بێت.

 

لەدوا هەڕەشەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، وەزیری ئیتیلاعات "ئیسماعیلی خەتیب" رایگەیاند "هەر كەسێك میوانداریی ئیسرائیل بكاو هاوڕێیەتی‌و كۆمەك بە بەرژەوەندیەكانی بكات، دەبێت بزانێت كە رۆژێك باجەكەی دەدات".

 

ناوبراو ستایشی سوپای پاسدارانی كرد كە هێرشی موشەكی كردوەتە سەر هەولێرو بەهەنگاوێكی "كاریگەرو ئازایانە"ی ناوبرد.

 

هاوكات محەمەد كەوسەری، فەرماندەی پێشوی سوپای پاسداران بەئاژانسی تەسنیمی سەر بەسوپای راگەیاند كە ئیسرائیل مافی نزیكبونەوەی نییە لەسنورەكانی ئێران‌و رەنگە بۆ وەڵامدانەوە بە"چالاكی سیخوڕانە"ی ئیسرائیل "هەنگاوێكی زیاتر بنرێت‌و جۆری وەڵامدانەوەمان تونتر بێت".

 

پێشتریش وتەبێژی سوپای پاسداران، رەمەزان شەریف رایگەیاند چەندین جار هۆشدارییان داوەتە هەرێمی كوردستان لەبارەی بونی ئەو "بارەگایەی ئیسرائیل" كە بوردومانیان كردو هەروەها لەبارەی بونی "دو بارەگای دیكەی ئیسرائیل."‌و وتی "لەناوبردنی هەر بارەگایەك كە لێیەوە هیرش بكرێتە سەر ئاسایشی ئێران، مافی سروشتی خۆمانەو ئەوەش هێڵی سورە."

 

وتیشی "ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی كە هاتونەتە سەر بنكەیەك لەكرماشان، لەبارەگاكانی موسادەوە لەهەولێر ئاڕاستەكراون."

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەگەر بەرپرسانی عێراق نەجوڵێن بۆ لابردنی ئەو بارەگایانەی دیكەو لەوێوە ئاسایشی ئێمە بكرێتە ئامانج، ئەوا بێ هیچ دودڵییەك وەڵاممان دەبێت."

 

هاوکات ئەمیر موسەوی، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەتاران‌و دیبلۆماتکاری پێشو، رایگەیاندوە کە "سێ‌ ئامانجی دیكە لەهەولێردان كە ئەگەری زۆرە لەڕۆژانی ئایندەدا زەبری توندتریان لێبسرەوێندرێت".

 

ئەمە لەكاتێكدایە كاربەدەستانی سەربازی‌و حكومی ئیسرائیل تا ئێستا سەبارەت بەهێرشكردنە سەر هەولێر بەموشەك لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەبیانوی بونی بنكەی ئیسرائیلی، هیچ كاردانەوەیەكیان نەبوەو لێدوانیان بەمەبەستی پشتڕاستكردنەوە یان رەتكردنەوەی رانەگەیاندوە.

 

بەلام رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەكات كە "زۆرانبازی نێوان ئیسرائیل‌و ئێران لەچەندین گۆڕەپانی جیا جیادا رو لەهەڵكشانەو ساغكردنەوەی حسابەكانیان زۆر درێژخایەنترە لەوەی بەهێرشكردنە سەر هەولێر پاك ببێتەوە".

 

هەروەها ئەوەشی رونكردوەتەوە كە "ئیسرائیل لەپشت پەردەوە لەجەنگێكی گەورەدایە لەدژی پڕۆژەی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی ئێران‌و لەكۆتایی مانگی رابردوشدا بۆ ئەو مەبەستە هێرشێكی گەورەی كردوەتە سەر جبەخانەیەكی گەورەی ئەو فڕۆكانەو سەدانی لێ لەناوبردوە لەكرمانشان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×