سەرکردەیه‌كى حزبی دیموکرات وه‌ڵامێكى توندى مه‌سعود بارزانى دەداتەوە
  2022-04-07       2517       

ئا: ئاوێنە

 

پێشمەرگەو سەرکردەیه‌كى دێرینی حزبی دیموکراتی کوردستان وه‌ڵامێكى توندى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: "به‌باسكردنى مێژوى حزبى دیموكرات به‌خراپ‌و ناوهێنانى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى كورد، بارزانى ڕوحی شەهیدان‌و بەشی زۆری خەڵکی کوردستانی ئازارداو خۆیی‌و ڕابردوی زیاتر لە 100 ساڵ تێکۆشانی خۆیانی هێناوەتە ژێر سوئال".

مەلا ڕەسوڵ پێشنماز پێشمەرگەو سەرکردەی دێرینی حزبی دیموکراتی کوردستان وه‌ڵامى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى ده‌داته‌وه‌ كه‌ چه‌ند پرسێكى له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى حزبى دیموكرات‌و حزبى به‌عسى عێراق‌و هاوكات چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى كوردى ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ باسكردووه‌.

مه‌لا ڕه‌سوڵ ده‌ڵێت:"مەسعود به‌باسكردنى مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسینیی زه‌ڕبى زۆری لەخۆیدا، چونکە نەمر مامۆستا، ئاڵاهەڵگری هەموو مەلا شۆڕشگێرەکانی کوردستان‌و نمونەی مەلایه‌کی ڕوناکبیرو پێشکەوتووخوازبوو هەتا فەوتی کرد، سەری بۆ هیچ داگیرکەرێکی کوردستان شۆڕنەکردو هەر لەو ڕێگایەشەوە لەغوربەت‌و دوور لەکەسوکارو زێدی خۆی سەری نایەوە، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌سعود بارزانى بەوباسانەی دڵی حکومەتی ئاخوندانی خۆشکرد، بەڵام ڕۆحی شەهیدان‌و بەشی زۆری خەڵکی کوردستانی ئازارداو خۆیی‌و ڕابردوی زیاتر لە100 ساڵ تێکۆشانی خۆیانی هێناوەتە ژێر سوئال".

سه‌ركرده‌ دێرینه‌كه‌ى حزبى دیموكرات له‌به‌شێكى دیكه‌ى وه‌ڵامه‌كه‌یدا بۆ بارزانى ده‌ڵێت:"چەند نمونەیه‌کی زۆر هەستیارو بەرچاو دەخەمەبەر بۆچوونی خوێنەرانی هێژا بۆ فیداکاریی‌و پاکیەکانی حزبی دیموکرات‌و بەرپەرچدانەوەی ئەو بوختانەهەڵبەسراوانەی کاک مه‌سعود بارزانی، بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵک، ئێمەو ئەوکەسانەی کە هیچ بەرچاو ڕونیه‌کیان لەسەر ڕابردووی دیموکرات‌و باقی سازمانەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات‌و پارتی دیموکرات‌و قیادە موەقەتە نییە، بۆخۆیان داوەری‌و قەزاوەتی خۆیان بکەن".

یه‌ك له‌و نمونانه‌ى باسیكردوه‌ ده‌ڵێت:"كاتێك ڕژێمى به‌عس هه‌وڵیدا بارزانى تیرۆربكات، حزبى دیموكرات ڕاگه‌یه‌نراوى ئیدانه‌ى ئه‌و هه‌وڵه‌ى بڵاوكرده‌وه‌و عەینی ڕۆژیش ئه‌و نامه‌یه‌م ئاراسته‌ى مەکتەبى سیاسی پارتى كرد كه‌ ئه‌وكات حەبیب محه‌مه‌د که‌ریم‌و دکتۆر مه‌حمود عوسمان بەڕێوەیان دەبردو هەر عەینی ڕۆژیش کاک دکتۆر مه‌حمود قسەی لەگەڵ کاک ئیدریس کردو کاتی بۆ وەرگرتم‌و لەماڵەکەی خۆیان‌و بەئاگاداری نەمر کاک هەژاری شاعیر، نامه‌كه‌م ڕاده‌ستى ئیدریس بارزانى کرد".

باس له‌و كتێبه‌ى هه‌ژارى شاعیریش ده‌كات كه‌ ده‌وترێت، "خۆزگه‌ كتێبه‌كه‌ى ئه‌وكات بڵاونه‌كردایه‌ته‌وه‌"، بۆ ئه‌مه‌ش سه‌ركرده‌ دێرینه‌كه‌ى حزبى دیموكرات ڕوى قسه‌كانى له‌مه‌سعود بارزانى ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"خۆزیا کاک مەسعود، لەمکات‌و ساتە ھەستیارەدا ئەو کتێبەت بڵاونەکردبایەوەو لێیی گەڕاباى وەک ھەژار دوای نەمانی خۆی بڵاوکراباوە، چونکە ئەوەی من گوێم لێگرت‌و باسی سەرکردەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی تێدا دەکه‌یت، بەشی ھەرەزۆری دورن لەڕاستیەوە، خۆ کەس کاک مەسعودی نەداوەتەبەر دادگاو لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی ھەرچی شتی خراپ‌و ناڕەوایە بیخاتە پاڵ ئەو حزب‌و سازمانانەی کە مەیدانداربوون‌و لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا پێگەو جێگەی خۆیان هه‌بووە".

باسى هاوكاریه‌كانى دیموكرات بۆ پارتى ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"ئەو شوێنانەی ئێمە بەخوێن ڕزگارمان کردون، پارتى هه‌وڵیدا لەدەستمان دەربێنن، بۆ بەڵگە جگە لەنوسین‌و بڵاوکراوه‌ی حزبی دیموکرات، کتێبەکانی نەمر کاک فاتح ڕەسوڵ شاهیدی زیندوو حاشاهەڵنەگرن کە لەهەموو دانیشتنەکاندا وەک نوێنەری حزبی شیوعی بەشداری کۆبونەوەکان بووە".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:"لەچەند جێگه‌یه‌كدا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "شەهید دکتۆر قاسملو هه‌روه‌ها برادەرانی دیموکراتیش دەیانگوت ئەگەر براده‌رانى پارتى نیازی گەڕانەوەیان هەیە بۆ باشور، ئێمە بەخۆمان‌و بەپێشمەرگەوە لەگەڵیان دەبین‌و رێنوێنیان دەكەین هەتا سەر سنوور، بەڵام ئێمە ڕازینابین پاسدار لەگەڵ خۆیان بێنن‌و ئەو شوێنانەی کە ئێمە بەخوێنی پێشمەرگە ڕزگارمان کردون لێمان بستێننەوە، بەداخەوەش ئاخرەکەی هەر ئاوایانکردو بەداخێکی گەلێک گرانەوە لەهەردوولا ئەو هەموو پێشمەرگە شەهیدبوون‌و قازانج‌و بەرژەوەندیه‌کەشی چووه‌ گیرفانی مەلایانەوە، دووژمن‌و دووژمنکاریەکەش بۆ کوردی ماڵوێران مایەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×