نەخشەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا لەنێو خاكی هەرێم
  2022-04-20       1753       

ئا: ئاوێنە

 

تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی بنیاتنه‌ری ئاشتی مەسیحی نێودەوڵەتی ناسراو بە CPT، نەخشەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیای لەناو خاكی هەرێم و دوایین گۆڕانكارییەكانی ئۆپەراسیۆنەكەی بڵاوكردەوەو دەڵێت: سوپای ئەو وڵاتە بەقوڵایی 19 كیلۆمەتر بەرەو سنوری شیلادزێ هاتۆتە ناوەوەو لەهەوڵی دروستكردنی پێنج بارەگای سەربازی نوێدایە.

 

رێكخراوەكە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی نەخشەی ئۆپەراسیۆنی "چنگی قفڵ"ی سوپای توركیادا دوایین گۆڕانكارییەكانی ئۆپەراسیۆنەكەشی لە راگەیەندراوێكدا خستونەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە "ھێزی سەربازی توركیا، لە چیاو ناوچە سەختەكانی زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و كوڕەژارۆ، سەربازەكانی لە ھەلیكۆپتەرەوە بە پەرەشوت ھێناوەتە خوارەوە بەناوچەكەدا بڵاویكردونەتەوە."

تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی CPT، ئەوەشی وتوە"سوپای توركیا بە قوڵایی 19 كیلۆمەتر، لە سنوری توركیاوە بەرەو سنوری شیلادزێ ھاتۆتە ناوەوەو لە ھەوڵدایە بۆ دروستكردنی پێنج بارەگای سەربازی لە چیای ڕەش، ئەشكەفتا برینداران، ئارس فارس، وەرخەلێ و كورەژارۆ."

بەپێی راگەیەندراوەكە "ھەر لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی "چنگی قفڵ"ەوە لە 17ی نیساندا، ھێزی ئاسمانی توركیا بەچڕی بۆردومانی ناوچەكانی ئاڤاشین، باسیا، زاپ، كوڕەژارۆ، مەتیناو گوندەكانی دەڤەری بەرواری باڵا دەكات."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "بەیارمەتی ھەلیكۆپتەرو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ھێزی وشكانی توركیا توانیویەتی بەشێك لە چیای كوڕەژارۆ و ناوچەی زاپ داگیربكات، بەڵام شەڕو پێكدادان لەو ناوچانەدا بەردەوامە."

رێكخراوەكە لەبارەی زیانە گیانییەكانی هاوڵاتیانی مەدەنی، وتویەتی"ھەرچەندە تائێستا ھیچ زیانێكی گیانی بۆسەر ھاوڵاتیانی مەدەنی تۆمارنەكراوە، بەڵام ھەلیكۆپتەرو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا بەبەردەوامی بەسەر ناوچە مەدەنی نیشینەكانی دەڤەری ئامێدیدا دەسوڕێنەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵ بۆتە ھۆی بڵاوبونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو ھاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەی 'ئامێدی'دا. لەپاڵ ئەوەشدا لەترسی بە ئامانجگرتن و بۆردومانكردنیان، گوندنشینان ناتوانن بچن بۆ چیاكانی ئەو ناوچەیە بۆ كۆكردنەوەی گیا بەھارییەكان كە ئەم كارە یەكێكە لە سەرچاوەكانی بژێوی ژیانی گوندنشینان. لەھەمانكاتیشدا، بارودۆخی ناوچەكە كاریگەری كردۆتە سەر كەرتی گەشتیاری."

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە تیمی كوردستانی عێراقی CPT، بەردەوام دەبێت لە لە نزیكەوە چاودێریكردنی كاریگەری ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵ بۆ سەر ھاوڵاتیانی مەدەنی و داكۆكی دەكات لە گوندنشینان، جوتیاران و ئەو ھاوڵاتییە مەدەنیانەی كە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا كاریگەری كردۆتە سەر ژیانیان.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×