"گەریلا پۆزی سوپای توركیای شكاند‏"
  2022-04-26       1543       

ئا: ئاوێنە

 

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری كورد ئاماژە بەوە دەکات "گەریلا پۆزی سوپای توركیای شكاند"، ئەو دەڵێت "توركیا ئەم ئۆپەراسیۆنەی ناونابوو “چڕنوک قوفڵ”، واتا یان کوشتنی گەریلاکان و بێتوناکردنیان، یان دەرکردنیان لە باشوور، بەڵام شكستیهێنا"، پێشیوایە، “سەختی ناوچەكە” تەنها بیانوو بوو بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەكە، بۆ ئەوەی مۆڕاڵ و ورەی سوپا نەشكێت.

 

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، كە سیاسەتمەدارێكی كوردەو پەیوەندیی لەگەڵ پەكەكەو قەندیل نزیکە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسینێكی لەبارەیی شكستی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر قەندیل بڵاوكردووەتەوە، نووسیویەتی، “ئەمە یەکەمجار نییە تورکیا هێرش دەکات بۆ باشوور، تا ئێستا زیاتر لە بیست جار لەشکرکێشییان کردووە، بەڵام ئەم هێرشەیان جیاوازییەکی زۆری هەبوو، بە بەکارهێنانی تازەترین تەکنەلۆژیای سەربازی و زۆرترین هێزی پیادەڕۆ، بەئامانجی ئەوەی  لوتکە ستراتیژییەکان داگیر بکەن”.

پێنجوێنی وای شیكردووەتەوە، توركیا ئەم ئۆپەراسیۆنەی ناونابوو “قوفڵ”، واتا یان کوشتنی گەریلاکان و بێتوناکردنیان، یان دەرکردنیان لە باشوور، بەڵام شكستیهێنا، سەرەڕای ئەوەی داوایان لە هێزە کوردییەکانی باشوور و دەوڵەتی دراوسێ کردبوو کە یارمەتییان بدەن یان بەشداری  لە شەڕەکەدا بکەن، “وەکو دەگوترێت ئەوانە بیروڕای جیاوازیان هەبووە..!”.

نەیشاردووەتەوە كە پەكەكە پێشتر ئاگاداری پلانەكانی توركیا بووە، هێزەكانی كردووە بە سێ بەشەوە، سەرزەمینی (پارتیزانی)، ژێرزەمینی و ئاسمانی (درۆن)، هەروەها هێزە کارگێڕییەکانیان بە هەموو کوردستانی باکوور و باشووردا بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەکاتی خۆیدا ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن.

پێنجوێنی ئاشكرایكردووە، “هەر ئەو هێزە ژێرزەمینییە پۆزی سوپای تورکیای شکاند و شکستیان بەهێرشەکە هێنا، کە شەو لە تونێل و کونەکان دەردەپەڕین و دەستیان لێدەوەشاندن”.

وەك ئەوەی سیاسەتمەدارەكە دەڵێت، توركیا چەند لوتكەیەكی كەمی كۆنترۆڵكردووە، ئەوەشی كە وەزیری بەرگریی توركیا ڕایگەیاندووە بەهۆی سەختی ناوچەكەوە ئۆپەراسیۆنەكەیان ڕاگرتووە، بیانووە و بۆ ئەوەیە مۆڕاڵ و ورەی سوپای داگیركەری توركیا نەڕوخێت و ڕەوشی ئاڵۆزی سیاسیی ناوخۆی تورکیای پێ چارەسەر بکات.

چەند رۆژێک لەمەوبەر لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی زاپ‌و مەتیناو ئاڤاشین لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "چڕنوك – كڵۆم"دا دەستیپێکرد، بەڵام دواتر فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکە "خلوسی ئاكار"ی وەزیری بەرگری توركیا رایگەیناد "بەهۆی سەختی ناوچەکەو زۆری ئەشکەوتەکانیەوە ئۆپراسیۆنەکەیان رادەگرن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×