داواکاری گشتی هەرێم سكاڵا له‌سه‌ر بردنی‌ دۆسیه‌كانی‌ بەڕێوەبەرایەتی خانوبەرەی چەمچەماڵ تۆمارده‌كات
  2022-12-10       1482       


سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بڕیاریانداوه‌ بەتۆمارکردنی داوای یاسایی سه‌باره‌ت به‌بردنی ژمارەیەک لەدۆسیەی‌ لەبەرێوەبەرایەتی خانوبەرەی چەمچەمال لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە.

ئاوێنه‌: سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "بەرێز سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان دادوەر (کاوە فتحی معصوم) دەربارەی کەیسی بردنی ( ٣٥٠ - ٤٠٠ ) دۆسیە کە لەرێکەوتی ٦/١٢/٢٠٢٢ هێزێکی (٥٠) کەسی هەڵیانکوتایە سەر بەرێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی چەمچەماڵ دوای شکاندنی قوفڵی ژووری دۆسیەکان سەرجەم دۆسیەکانی ناوچەی (قادر کەرەم)یان بردوە بۆیە بەرێزیان بریاریدا لەرێگای جێگرایەتی داواکاری گشتی چەمچەماڵ بەجوڵاندنی سکالای یاسایی دژ بەئەنجامدەرانی ئەم کارە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسیانەش بگەرێنرێنەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی چەمچەماڵ."

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هێزێکی چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر بەرێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانوبەرەی چەمچەماڵ‌و بەپێی زانیارییە بڵاوكراوه‌کان، نزیکەی 400 دۆسیەی زەوییەکانی ناحیەی قادر کەرەم-یان لەگەڵ خۆیان بردووە.

‎له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت، وەزارەتی دادی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "ئێمە ئەم کردەوەیە بەشکاندنی سەروەری یاساو زێدەڕەوی لەسەر هەیبەتی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانین و پێشێلکردنێکی زەقە لەسەر بەڵگەنامەو دیکیۆمێنتی خاوەنداریەتی هاوڵاتیانی ناوچەکە".

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ڕاشیگه‌یاند، "بەتوندترین شێوە سەرکۆنەو ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانگەکانی حکومەت دەکەین کە پێچەوانەی یاساو بەرژەوەندی گشتییە.  داواش لەسەرجەم لایەنە فەرمییەکان و دام و دەزگاکانی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکەین بەزوترینکات ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکەن و رێکاری یاسایی پێویستیش بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسییانە بگەڕێننەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×