نەتانیاهۆ: ئەمریکا و ئێران رێککەوتن دەکەن
  2023-06-14       617       

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت؛ ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیک بونەتە بەڵام تەلئەڤیڤ بابەندی هیچ رێککەوتنێکی نێوان ئەو دوو وڵاتە نابێت.

ئاوێنە: بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ واشنتۆن هەوڵی رێککەوتنێکی بچوک لەگەڵ تاران دەدات و بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی کە لە ئێران زیندانیی کراون ، ئازاد بکرێن.

وتویەتی: 90%ی مەترسییە ئەمنییەکانی سەر ئیسرائیل لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و چەکدارە هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا بۆیە تەلئەڤیڤ پابەندی هیچ رێککەوتنێکی واشنتۆن و تاران نابێت.

وتەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران کردوە و لە بەرامبەریشدا واشنتۆن رەتی کردوەتەوە هیچ رێککەوتنێک کرابێت.

پێشتر رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی چاپی ئیسرائیل بڵاوی کردبوەوە کە ئەمریکا سەرقاڵی رێککەوتنی ژێربەژێرە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% کەمتر بکرێتەوە و ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی ئازاد بکرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×