وەزیری بەرگری تاڵیبان لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، هێزەکانی ئێران بۆ ماوەی چوار رۆژ ئەفغانستانیان بۆردومانکردووە و بە ناچاری وەڵامیانداوەنەتەوە.
محەمەد یەعقوب موجاهی وەزیری بەرگری تاڵیبان لەبارەی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئێران بۆ یەکەمجار لێدوانیدا و وتی:" سەرەتا هێزەکانی سەر سنووری ئێران بۆ ماوەی چوار رۆژ بۆردومانی هێزەکانی ئێمەیان دەکرد، دواتر ئێمەش ناچاربووین وەڵامیان بدەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" ئێمە نامانەوێت جەنگ و ناکۆکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێماندا ئەنجامبدەین و نیازی کارێکی لەوشێوەیەشمان نییە، بەڵام زانیاری و بەڵگەمان لەبەردەستدایە کە هەندێکجار ئێمە ناچار بە وەڵامدانەوەی شەڕ کراوین".
باسیلەوەشکرد:" بەڵگەی پێویست لەبەردەستە کە لەسەر سنوورەکانی ئەفغانستان لەلایەن هێزەکانی ئێران و تەنانەت پاکستانیشەوە، هێرشکراوەتە سەر وڵاتەکەمان و تەنانەت هاوڵاتی مەدەنیی ئەفغانیش کوژراوە".
لە کۆتاییاکەنی مانگی رابردوو، شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی تاڵیبان و هێزەکانی سەرسنووری ئێراندا روویدا و بەوهۆیەشەوە دوو پاسەوانی سەر سنووری ئێران و چەکدارێکی تاڵیبان کوژران.
دواتر بەرپرسانی کابول و تاران رووداوەکەیان بە هەڵە تێگەیشتن ناوبرد و بارودۆخەکەی ئەو سنوورە گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی.