دوایین پەرەسەندنەکانی رەوشی روسیا
  2023-06-24       892       

له‌دوایین پەرەسەندنەکانی رەوشی روسیا دوای یاخیبونی گروپی‌ ڤاگنەر، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، بەھۆی دۆخی روبەڕوبونەوەی تیرۆر سبەی یه‌كشەممە پشوی فەرمی دەبێت، بۆیە داوا لەھاوڵاتیان دەکەن لەماڵەکانیان بمێننەوە ھاتوچۆ نەکەن.

ئاوێنه‌: دوای ئەوەی گروپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپاو حکومەتی روسیا راگەیاندو یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر ئاشکرایکرد كه‌ 25 هەزار چەکداریان هەیەو ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بەحکومەتی مۆسکۆو رزگارکردنی گەلی روسیا خۆیان بەکوشت بدەن، تا دێت بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئالچۆزیی‌ زیاتر ده‌چێت.

له‌نوێترین پێشهاتدا سێرگی سوبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، بەھۆی دۆخی روبەڕوبونەوەی تیرۆر سبەی یه‌كشەممە پشوی فەرمی دەبێت، بۆیە داوا لەھاوڵاتیان دەکەن لەماڵەکانیان بمێننەوە ھاتوچۆ نەکەن.

ھاوکات ئاژانسی ریا نۆڤۆستی روسی بڵاویکردەوە، لەدەروازەکانی مۆسکۆ خاڵی پشکنینی چڕ دانراون و ھێزە ئەمنییەکان لەرێگەی ئۆتۆمبێل و چەکی قورسی سەربازییەوە پارێزگاری لە ئارامی پایتەخت دەکەن.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا ئەمڕۆ ئیمزای لەسەر یاسایەک کرد بۆ سزادانی ئەوانەی باری نائاسایی پێشێل دەکەن، بەگوێرەی بڕیارەکەش ھەرکەسێک پابەند نەبێت بە رێکارەکانی رەوشی نائاسایی، بۆ ماوەی 30 رۆژ زیندانی دەکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆش ھێزەکانی گروپی ڤاگنەر گەیشتنە ھەرێمی لیپێتسک کە بەدووری 400 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری مۆسکۆ، لەم بارەیەوە بەرپرسانی ھەرێمەکە دەڵێن، چەکدارانی ڤاگنەر بەناو ھەرێمەکەدا جوڵە دەکەن، بۆیە داوا لە ھاوڵاتیان دەکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی ناوخۆی روسیا چەکدارانی ڤاگنەر بە 150 ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناو ھەرێمی لیپێتسک، کاروانە سەربازییەکەش بەرێگای سەرەکی ڤۆرۆنێژ -لیپێتسک- مۆسکۆدا تێپەڕ بوون، کە رێگەی سەرەکی ھاتووچۆی نێوان ھەر سێ شارەکەیە.

دوای ساڵێک و چوار مانگ لە دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا، ئاگری جەنگەکە رووی کردە مۆسکۆ و خەریکە دەبێتە شەڕی ناوخۆیی لەنێوان سوپا و گرووپی چەکداری ڤاگنەر کە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رووسیاش پشتیوانی خۆیان بۆی راگەیاند.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکردووە.

لەبەرامبەردا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە ناو شەڕی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری رووسیاش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەرکرد و داوا لە چەکدارەکانی گرووپەکە دەکات خۆیان بەدەستەوە بدەن.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×