پریگۆژین نهێنیه‌كى گه‌وره‌ ئاشكراده‌كات
  2023-06-27       1123       

سه‌رۆكى گروپى ڤاگنه‌ر نهێنیه‌ك له‌باره‌ى جوڵه‌ى گروپه‌كه‌ى ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "یاخیبونەکەمان بۆ ڕزگارکردنی ڤاگنەر بوو، نەوەک ڕوخانی ڕژێم لەڕوسیا".

ئاوێنە: یەڤگیی پڕیگۆژینی سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسیی ئاماژەی بەوەکردوە، یاخیبونەکەی بەئامانجی ڕزگارکردنی گروپەکەی بوە نەوەک ڕوخاندنی ڕژێمی ڕوسیا.

هەروەک وتویەتی، پێشڕەوییەکانی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ ئاشکرایکردوە کە مۆسکۆ کێشەی ئەمنیی جدی هەیە.

بەگوێره‌ى هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، پریگۆژین لەپەیامێکی دەنگیدا کە ماوەی 11 خولەکی خایاندوە، (شوێنی خۆی ئاشکرانەکردوە)، تێیدا وتویەتی:“ئێمە چوین ناڕەزایەتی دەربڕین، نەک بۆ ڕوخاندنی دەسەڵات لەوڵاتەکەدا".

پریگۆژین لەپەیامە دەنگییەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، پێشڕەویی هێزەکانیان بەرەو شاری مۆسکۆ بونی کێشەی ئەمنی مەترسیداری لەڕوسیا ئاشکراکردوە.

جەختیشیکردۆتەوە، پیاوەکانیان 780 کیلۆمەتریان بەرەو مۆسکۆ بڕیوە بێئەوەی ڕوبەڕوی هیچ بەرەنگارییەکی ئەووتۆ ببنەوە.

بەوتەی سەرۆکی ڤاگنەر، کاتێک هێزەکانیان بەناوچەکاندا تێپەڕیون لەلایەن خەڵکییەوە بەئاڵای ڕوسیی‌و دروشمەکانی ڤاگنەرەوە پێشوازییان لێکردون.

جەختیشیکردۆتەوە، خەڵک زۆر دڵخۆشبون کە هێزەکانیان بەلایاندا تێپەڕیون.

پریگۆژین ئاماژەی بەوەدا، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕوسیا، کە رۆژی شەممە ناوبژیوانی لەنێوان کرێملین‌و گروپی "ڤاگنەر"دا کرد، پێشنیارگەلێکی چارەسەری پێشکەشکردوە کە بەپێی ئەوە  ئەوەی ڕێگای خۆشکرد بۆئەوەی گروپی ڤاگنەر بەشێوەیەکی شەرعیی درێژە بەچالاکییەکانیان بدەن.

لەکۆتاییدا پریگۆژین جەختیکردۆتەوە کە ئامانجی سەرەکیی یاخیبوونەکەیان دژ بەکرملین، رزگارکردنی گروپی ڤاگنەر بوە کە مەترسیی ئەوەی لەسەربوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕوسیاوە هەڵبوەشێنرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×