2019-07-30   1130     
بهپێی ڕاپۆرتی نوێی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەساڵی ڕابردودا زیاتر لە 12 هەزار منداڵ بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییهكانی جیهانهوه كوژراون كه زۆرترینیان لەوڵاتانی ئەفغانستان، فەلەستین، سوریاو یەمەن کوژراونو برینداربون.
ئاوێنه: لهڕاپۆرتەکەدا ئهوه خراوهتهرو كه کوشتنو برینداربون بەشێکن لە 24 هەزار سەرپێچی تر کە دژی منداڵان کراون لەوانەش بەکارهێنانی منداڵ بۆ شەڕ، توندوتیژی سێکسی، ڕفاندنو هێرشکردنە سەر خوێندنگاو نەخۆشخانەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر توندوتیژی دژی منداڵان، سەرپێچییەکانی گروپە چەکدارەکان هەر وەکو خۆیان ماون، بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەی سەرپێچییەکانی حکومەتو هێزە نێونەتەوەییەکان بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2017 زیادیانکردووە.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤو چاودێری منداڵان لەناکۆکی چەکداریی کە گروپێکی داکۆکی نێونەتەوەییە، ئاماژە بەهاوپەیمانی دهسهڵاتدارانی سعودیە دەکات بۆ زیادبونی زیانەکانی منداڵان لەیەمەن.
لویس کاربۆنیۆ بەڕێوەبەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "هاوپەیمانی سعودیە لەساڵی 2015وە سەرپێچییەکی زۆری دژ بەمنداڵان لەیەمەن ئەنجامداوە. بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت کە هەوڵی دابێت ڕەفتارەکانی خۆی باشتر بکات.
لەڕاپۆرتەكهی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، زۆرترین سەر پێچی دژی منداڵان لەساڵی 2018 لەئەفغانستان کراوەو ژمارەی ئەو منداڵانەی کوژراو برینداربون 3،062 منداڵنو ئەمەش دەکاتە لەسەدا 28ی زیانی گیانی خەڵکی سڤیل لەو وڵاتەدا.
هاوکات لەسوریا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانو هێرشی بۆمبی بەرمیلیو هێرشی بۆمبی تر 1،854 منداڵ کوژراو برینداربونو لەیەمەنیش 1،689 منداڵ کوژراوو برینداربون بەهۆی شەڕی زەمینیو هێرشەکانی تر.
لەناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیلو فەلەستینییەکان لەساڵی 2018دا 59 منداڵی فەلەستینی کوژراونو 2،756 منداڵیش برینداربون ئەمەش زۆرترین ئامارە لەوەتای ساڵی 2014 وە. لەهەمانکاتدا شەش منداڵی ئیسرائیلی برینداربون.