واشنتۆن: پێمانباشە ناوچەی ئارام لەسوریا لەژێر كۆنترۆڵی هێزی هاوبەشی ئێمەو توركیادا بێت
  2019-08-01       1365       

جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ توركیا بەردەوامن بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا بەردەوامن و پێیانباشە ئەو ناوچەیە لەژێر ركێفی هێزی هاوبەشی هەردولادا بێت.

ئاوێنە: ئەو وتانەی جەیمس جێفری، دوای هەفتەیەك لە شكستی گفتوگۆی نێوان لایەنی توركی و ئەمریكی دێت لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا ئەوەش بەهۆی جیاوازی بۆچونیان لەسەر قوڵایی ئەو ناوچە ئارامەی كە دروست دەكرێت و ئەو هێزانەی بەڕێوەی دەبەن.

ئەمریكا پێشنیاری كردبو كە ناوچەكە ئارامەكە پێنج كیلۆمەتر زیاتر نەبێت و هەفتەی رابردوش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رەخنەی لە پێشنیارەكە گرت و رایگەیاند، رێكنەكەوتون لەسەر قوڵایی ناوچەكەو ئەوەشی كە كێ كۆنترۆڵی بكات و هەروەها لەسەر ئەوەش رێكنەكەوتون كە ئاخۆ تەواوی هێزەكانی یەپەگە لەو ناوچەیە دەكرێنە دەرەوە یان نا.

نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەردەوامی بە گفتوگۆكیان لەگەڵ توركیا دەدەن و بە گونجاوی دەزانن ئەو ناوچە ئارامەی لە باكوری سوریا دروست دەكرێت قوڵاییەكەی لەنێوان 5 بۆ 14 كیلۆمەتردا بێت و لەژێر كۆنترۆڵی هێزی هاوبەشی هەردولادا بێت.

رۆژی دوشەممەش خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا هەڕەشەی ئەوەی كردبو كە وڵاتەكەی ناچار دەبێت تاكلایەنە هەڵسێت بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەكاتێكدا ئەگەر لەگەڵ ئەمریكا نەگەیشتنە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش.

ئاكار جەختی لەسەر دو خاڵ كردبوەوە كە ئەنكەرە بە ئەولەویەتیان دەزانێت لە پلانەكەیدا بۆ دروستكردنی ناوچە ئارامەكە، ئەویش دەستبەسەرداگرتنی تەواو ئەو چەكانەیە كە لای یەپەگەن و كردنە دەرەوەیەتی لەناوچە ئارامەكە بەتەواوەتی و خاڵی دوەمیش ئەوەیە كە قوڵایی ناوچە ئارامەكە لەنێو خاكی سوریادا لە 30 كیلۆمەتر كەمتر نەبێت لەژێر ركێفی توركیاشدا بێت.
بەڵام واشنتۆن لەگەڵ ئەوەدا نییە قوڵایی ناوچە ئارامەكە ئەوەندە بێت و هەروەك داوای ئەوەش دەكات كە یەپەگە هەندێك چەكی پێ بێت بۆ دەستەبەكردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی.

پێشتریش ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات-تەڤدەم وتبوی "تورکیا بۆ ناوچەی ئارام داوای ٣٢ کیلۆمەتر دەکات، ئەوەش قبوڵ ناکرێت...ئێمەش وتومانە، کە هەتا پێنج کیلۆمەتر نابێتە کێشە، لەناو ئەو پێنج کیلۆمەترەدا نابێت شاری تێدا بێت، ئەو شارانەی، کە دەکەونە سەر سنور، دەبێت لەدەرەوەی ناوچەی ئارام بن، هێزەکانی پاراستنی سنور-یش دەبێت خەڵکی ناوچەکە بن، ئەو بابەتە هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و تورکیاش لەناوخۆدا ڕێکنەکەوتوە، بەڵام تورکیا هەر بە هەڕەشە و هێرشانە دەخوازێت ئەوەی دەیەوێت، فەرزی بکات."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×