" سوپای پاسداران لەڕێگەی 14 بنكەی سەربازییەوە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هێرش دەكات"
  2019-08-13       815       

رۆژنامەی "دەیلی ستار"ی بەریتانی لەزاری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە بڵاویكردۆتەوە، سوپای پاسداران لە 14 بنكەی سەربازی لەنێو خۆی وڵاتەكە سەرقاڵی مەشقپێكردن و راهێنانی چەكدارانە وەك ئامادەكارییەك بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی وڵاتانی رۆژئاوا.

ئاوێنە: بەپێی رۆژنامە بەریتانیاكە، شارەزایان ترسی ئەوەیان هەیە، ئەو چەكدارانی ئەو بنكە سەربازییانە بەكاربهێنرێن بۆ ئەنجامدانی هێرش لەنێو خاكی ئەمریكاو چەند وڵاتێكی ئەوروپیدا.

بەپێی قسەی چالاكوانێكی ئۆپۆزسیۆن، بارەگانی سەرەكی ئەو هێزانەی مەشقیان پێدەكرێت لە بنكەی سەربازی "ئیمام عەلی"یە لە باكوری تارانی پایتەخت كە روبەرەكەی 10 هێكتارەو لەژێر سەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێراندایە.

رۆژنامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بەپێی زانیارییەكان هەشت لە بنكە سەربازییەكان دەكەونە تارانی پایتەخت و یەكێكی دیكە لەو بنكە سەربازیانە لە دورگەی "قشم"ە لە نزیك گەروی هورمز و بنكە سەربازییەكانی دیكەش دەكەونە ناوچەكانی ئەحواز، ئابان لە رۆژئاوای ئێران، وێڕای بونی سەربازگەیەكی دیكەیان لە "سەمنان" لە پارێزگای خۆراسان لەناوەڕاستی ئێران.

رۆژنامەی دەیلی ستار، پێی وایە ئەو چەكدارانەی لەو بنكە سەربازیانە مەشقیان پێكراوە، ئەنجامدەری ئەو چەند هێرشە بن كە بەم دواییە لە گەروی هورمز كرانە سەر چەند كەشتییەكی نەوتهەڵگر.

ئەو هەنگاوەی ئێران پاش ئەوە دێن كە ئەو كێشانەی لەنێوان تاران و چەند وڵاتێكی رۆژئاوادا لەسەر كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە دروست بون، بەرەو گرژی زیاتر دەچن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×