خاڤێر میلی، سەرۆککۆماری داهاتووی ئەرجەنتین، کێیە؟
  2023-11-28       1525       
خاڤێر میلی

وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: توانا محەمەد نوری

 

ئەمریکای لاتین و جیهان توشی شۆک بوون کاتێک زانیان لە ١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، توندڕەوترین سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی ئەرجەنتین، خاڤێر میلی، بە بەدەستهێنانی ٥٦%ی دەنگەکان بە سەرۆککۆماری ئەرجەنتین هەڵبژێردرا.

ڕکابەرەکەی، سێرجیۆ ماسا، وەزیری ئابووری ئیدارەی دەستلەکارکێشاوەی ئەلبێرتۆ فێرناندێز، لەسەدا ٤٤ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. جونتۆس پۆر ئێل کامبیۆ کە لە خولی یەکەمدا ٢٤%ی بەدەستهێنا، زۆر گرنگ بوو بۆ گەرەنتیکردنی سەرکەوتنی میلی.

خافێر میلی تەنیا سیاسەتمەدارێکی ڕاستڕەوی توندڕەو نییە بەڵکو کارەکتەرێکی زۆر سەیریشە.

لە لایەن دایک و باوکیەوە تووشی توندوتیژی جەستەیی بووە، لەبەر ئەمە، ساڵانێکی زۆر هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دایک و باوکیدا نەبووە.  ماوەیەک گۆرانیبێژی تیپی ڕۆکی ئێڤرێست بووە. لە قۆناغی ناوەندیدا، بەهۆی کارەکتەرییەوە نازناوی “ئێل لۆکۆ” (“شێتەکە”)ی هەبووە. ڕووبەڕووی دادگا بووەتەوە لەسەر پرسی دزیکردن و توندوتیژی جێندەری. لە میانەی هەڵبژاردنەکاندا دەیوت لەگەڵ خودا قسە دەکات. لەگەڵ چوار سەگدا دەژی (بە "منداڵە چوار قاچەکانی" ناویان دەبات). سەگەکانی بەناوی ئابووریناسە بەناوبانگەکانەوە ناویناون. دەشڵێ لەگەڵ "کۆنان" سەگێکی مردوو قسە دەکات کە پێشتر خاوەنی بووە و لە بەرنامەکانی چاتی تەلەفزیۆنیدا باسی سێکسی و ئیستغلالەکانی تری سێکسی کردووە.

ژیاننامەکەی باس لەوە دەکات کە لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا یەکەم هاوڕێی دروستکردووە و لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا یەکەم خۆشەویستی هەبووە. کاریزما، شەڕانگێز، هێرشبەرە و بە ژنکوژ ناوزەد کراوە؛ ئەو بە توندی دژی لەباربردنی منداڵە، هەروەها دژی فێمینیستە و ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ "لیبرالیزەکردنی" فرۆشتنی چەک و ئەندامەکانی مرۆڤدایە.

میلی خۆی وەک جەنگاوەرێک لە شەڕەکانی کولتووری جیهاندا دەبینێت و پێی وایە پەروەردەی سێکسی پیلانێکی مارکسیستییە بۆ لەناوبردنی خێزان. ئەو خۆی بە ئازادیخواز یان "ئەنارکۆ-سەرمایەدار" پێناسە دەکات و سەرسامە بە مارگرێت تاچەر، دۆناڵد ترەمپ و جەیر بۆلسۆنارۆ.

بەرنامەی میلی نیولیبراڵە و بریتییە لە گۆڕینی پێسۆی ئەرجەنتینی بە دۆلاری ئەمریکی و لە دواییشا هەڵوەشاندنەوەی بانکی ناوەندی وڵات؛ هەڵوەشاندنەوەی هەموو وەزارەتەکان جگە لە ئابووری، داد، ناوخۆ، ئاسایش، بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە؛ هەڵوەشاندنەوەی هەموو یارمەتییەکان، بەتایبەتی وزە، لەگەڵ چاکسازییەکی ئابووری کە ئامانجی کەمکردنەوەی بەرچاوە لە هەردوو خەرجی گشتی و کۆمەڵایەتی و هەروەها باج؛ بە کورتی ئەو لەگەڵ ڕێکخستنەوەی تەواوی ئابوورییە.

جگە لەوەش، میلی بڕیاریداوە لەسەر ئەنجامدانی شەپۆلێک لە تایبەتیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەک تەندروستی، خوێندن و هەموو کۆمپانیاکانی دەوڵەت بەتایبەتی سیستەمی میدیای گشتی و کۆمپانیاکانی نەوت و گازی دەوڵەت.

هەروەها دەیەوێ باج کۆکردنەوە و داهاتی ناوخۆی ئەرجەنتین و بیمەی کۆمەڵایەتی دابڕێژێتەوە، بەڵێنیشی داوە هێڵی ئاسمانی ئەرجەنتین بداتە دەست کارمەندەکانی.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، میلی پێشنیاری پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرازیل و چین دەکات و دژی ئەوەشە ئەرجەنتین پەیوەندی بە بریکسەوە بکات، چونکە "نایەوێ ڕێکبکەوێ لەگەڵ کۆمۆنیستەکان". بەڵکو دەشڵێ، ئەرجەنتین لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هاوتەریب دەبێت، ئەو وڵاتانەی پێش دەستبەکاربوونی سەردانیان دەکات.

هەروەها میلی ڕەتیدەکاتەوە ئەرجەنتین پەیوەندی بە بریکسەوە بکات، چونکە گروپێکە پشتگیری لە کەمکردنەوەی کاریگەری دۆلار دەکات.  دیانا مۆندینۆ، ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی میلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سپۆتنیک نیوز ڕایگەیاند، ئەرجەنتین بەردەوام نابێت لە پلانەکانی بۆ چوونە ناو بریکس.

پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەرازیل زیان بە ئەرجەنتین دەگەیەنێت، بەڵام پچڕان لەگەڵ چین کارەساتبار دەبێت: لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەرجەنتین لەسەدا ٩٢ی سۆیا و لەسەدا ٥٧ی گۆشتی لە چینەوە هەناردە کردووە و چین وەبەرهێنانێکی بەرچاوی لە کەرتی وزەی وڵاتەکە و پیشەسازی ئەنجامداوە.

لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، میلی کەسێکی موحافیزە و بەرگری لە دیکتاتۆری سەربازی ساڵی ١٩٧٦ دەکات و ڕەتیدەکاتەوە کە زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس کوژرابێت، ئەو ڕێژەیە بە وتەی خۆی تەنها ٨٧٥٣ کەسە، ئەمەش دەرئەنجامی "جەنگێک"  بووە کە تێیدا هێزەکانی دەوڵەت "زیادەڕەوی"یان ئەنجامداوە وە  هەورەها بەرەی ئەوبەریش کە بە "تیرۆریستان" ناویان دەبات.

میلی هاوکارێکی سیاسی ژەنەڕاڵ ئەنتۆنیۆ بوسی بوو کە بەهۆی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی (سەرکوتکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و تیرۆرکردن) لە سەردەمی دیکتاتۆریدا بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکوم کرا.

لە ساڵی ٢٠٢٢ میلی لەگەڵ حیزبی 'هێزی کۆماری' بە سەرۆکایەتی ڕیکاردۆی کوڕی بوسی ڕێککەوتنێکی سیاسی کرد. جگە لەوەش، بۆچونی میلی تێکەڵەیەکە لە پۆپۆلیزمێکی دژە سیستەم، لیبرالیزمی ئابووری، بەشدارینەکردنی "دەوڵەت" لە ئابووری وڵاتدا و شلکردنەوەی یاساکانی کار لە وڵاتدا.

میلی بەرپرسانی حکومەت، بیرۆکراتی سەندیکاکان، چینی کرێکار و لەسەدا ٤٠ی ئەو ئەرجەنتینیانەی کە پشت بە یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستن تێکەڵ کردووە و بە "مشەخۆر و دز" ناوزەدیانی کردووە.

میلی دەوڵەت بە خراپتر لە مافیا دەزانێت و پێشنیاری پڕچەککردنی تاکەکان دەکات وەک "چارەسەرێک" بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی لە دژی تاوان. بۆ ئەوەی هێمای پابەندبوونی خۆی بێت بە ئەنجامدانی کەمکردنەوەی توند لە خەرجییەکانی دەوڵەتدا، بە زنجیر مۆری سوڕانەوە لە دەستیدا هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.

میلی لە وتاری دوای سەرکەوتنیدا ڕایگەیاند کە لە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکانیدا، هیچ بوارێک نادا بەوانەی بەرەنگاری نەهێشتنی ئەو شتانە دەبنەوە کە بە "ئیمتیازات" (دەستکەوتی چینی کرێکار) ناوی بردووە، "ئێمە بێ ڕەحم دەبین".

گومانی تێدا نییە بەرنامەیەکی ئابووری لەم شێوەیە بەبێ هێرشی قورس بۆ سەر مافە سیاسی و دیموکراتییەکان و مافی مانگرتن و خۆپیشاندان و تەنانەت مافی ڕێکخستنیش جێبەجێ ناکرێت.

بانگەوازەکانی میلی بۆ پاککردنەوەی "نوخبەی سیاسی" نزیکەی هاوشێوەی پابەندبوونی ترەمپە بە "پاککردنەوەی زەلکاوەکان" و وەک ئەوەی ترەمپ دەیوت "جارێکی دیکە ئەمریکا گەورە بکەنەوە"، ئەو ئەرجەنتینییە بەردەوام نیازی خۆی دووبارە دەکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی وڵاتەکەی بۆ پێگەیەکی گەورە لە جیهاندا کە نەدەبوو هەرگیز لەدەستی بدات". تەنانەت کڵاوێکیش لەسەر دەکات کە دروشمی "جارێکی دیکە ئەرجەنتین گەورە بکەنەوە".

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پەیوەندی لەگەڵ پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسپانیا، ڤۆکس، لەگەڵ بۆلسۆنارۆ و ئێدواردۆی کوڕی لە بەرازیل، هەروەها لەگەڵ کەسانی وەک ڕاستڕەوی توندڕەوی شیلی، خۆسێ ئەنتۆنیۆ کاست هەیە. ترەمپ لە تویتێکدا پەیامێکی خۆشحاڵیی بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات میلی "بەڕاستی جارێکی دیکە ئەرجەنتین گەورە بکاتەوە". میلی پەیوەندی بە جایر بۆلسۆنارۆوە کردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شەخسی بانگهێشتی بکات بۆ ئاهەنگی دەستبەکاربوونی.

بنەمای شکستی حکومەتی پێشوو، سیاسەتی تەقەشوفی حکومەتی ئەلبێرتۆ فێرناندێز بوو کە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی فەرزی کردبوو بەسەر ئەرجەنتیندا.  حکومەتی پێشوو قەرزێکی گەورەی - ٥٧ ملیار دۆلار (١٢٧ هێندەی توانای قەرزکردنی ئەرجەنتین) - وەرگرتبوو،

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨-٢٠ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گەورەترین قەرزی لە مێژووی خۆیدا بە ماکری بەخشی: ١٠٠ ملیار دۆلار (٥٦ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٨ و ٤٤ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠). بەم شێوەیە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠٢١، ئەرجەنتین گەورەترین قەرزی گشتی هەبووە.

هەرچەندە ئەرجەنتین لە ساڵی ۲۰۱۹ بووە ۳۱ەمین بەرهەمهێنەری پۆڵا لە جیهاندا، ۲۸ەمین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل، ۲۲ەمین بەرهەمهێنەری بیرە لە جیهاندا، چوارەم بەرهەمهێنەری جیهانی ڕۆنی سۆیا و سێیەم بەرهەمهێنەری جیهانی ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە.  ئەرجەنتین یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە کشتوکاڵییە گەورەکانی جیهان، لە ڕیزبەندی باشترین بەرهەمهێنەرەکاندایە لە زۆربەی ئەمانەی خوارەوەدا، هەناردەکارانی گۆشتی مانگا، میوەی ترش، ترێ، هەنگوین، گەنم، سۆرگوم، سۆیا، تۆوی گوڵی خۆر، گەنم و هاوسەری یێربا. کشتوکاڵ لە ساڵی ۲۰۱۰دا ۹٪ی داهاتی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی هەموو هەناردەکان (کە خۆراک و خۆراکی پرۆسەکراو لەخۆ ناگرێت، کە سێیەکی دیکەن). لە ساڵی ۲۰۱۰دا دروێنەی بازرگانی گەیشتە ۱۰۳ ملیۆن تۆن، کە زیاتر لە ۵۴ ملیۆنیان ڕۆنی ڕۆن بوون (بەزۆری سۆیا و گوڵی خۆر) ، و زیاتر لە ۴۶ ملیۆنیان دانەوێڵە بوون (بەزۆری گەنم و گەنم و سۆرگوم). [35]

ئەرجەنتین گەورەترین بەرهەمهێنەری جیهانی یەربەیە، یەکێکە لە پێنج گەورەترین بەرهەمهێنەری جیهانی سۆیا، گەنم، تۆوی گوڵی خۆر، لیمۆ و هەنگوین، یەکێکە لە ۱۰ گەورەترین بەرهەمهێنەرانی جیهانی جۆ، ترێ، ئارتیچۆک، جگەرە و قەڵەم و یەک. بەڵام کاتێک ئەلبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆککۆماری پێشوو، لە ساڵی ٢٠١٩ دەستبەکار بوو قەرزی وڵاتەکە زیاتر لە ٣٢٠ ملیار دۆلار بوو کە تا مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ گەیشتبووە ٤٢٠ ملیار دۆلار — دۆخێکی ترسناک.

لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە: "ئەرجەنتین ڕووبەڕووی فشارێکی زیاتر دەبێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەهای دراوەکەی کەم بکاتەوە، لەکاتێکدا حکومەتەکەی هەوڵدەدات خۆی لە داڕمانی ئابووری بەدوور بگرێت.  هەڵاوسان زیاتر لە سەدا سەدە لە ساڵێکدا؛ نزیکەی لەسەدا ٤٠ی خەڵک لە هەژاریدا دەژین".   ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەرجەنتین لە مانگی نۆڤەمبەردا بەرزبووەوە بۆ ١٤٢٪.

سەرکەوتنی میلی بووە هۆی دابەزینی بەهای پێسۆ بە ڕێژەی لەسەدا ١٨ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود بۆ لەسەدا ١١٨، هەروەها بەرزبوونەوەی گشتیی نرخی کاڵا بەکاربەرەکان. سەیر نییە دەنگدەرانی بێهیوا بە ژمارەیەکی زۆر ڕوویان لە پێشنیازە سادەکانی میلی کرد.

بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی وڵاتەکە لە نیولیبرالیزم و دۆلارسازی و سکهەڵگوشینی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕابردوودا، حکومەتی فێرناندێز نەیتوانی فشار بخاتە سەر سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و پێگەی دانوستانی ئەرجەنتین باشتربکات.

پلانەکانی میلی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە گشتیەکان لە سەدا ٣٨ بۆ لەسەدا ١٥، بریتی دەبێت لە کەمکردنەوەی توند لە بوارە زۆر هەستیارەکانی وەک خانەنشینی، یارمەتییەکانی گواستنەوە و پشتگیری یارمەتی خۆشگوزەرانی بۆ لەسەدا ٤٠ی دانیشتووان.

دۆلارکردنی ئابووری کە لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر قورسە جێبەجێبکرێ، بە شێوەیەکی بەرفراوان نایەکسانی و هەژاری زیاتر دەکات، دۆخێک کە لە ڕابردوودا بووەتە هۆی بشێوی کۆمەڵایەتی.

 

بە ڕەچاوکردنی گرنگیی بەڕازیل و چین بۆ ئابووری ئەرجەنتین، هێشتا دیار نییە کە ئایا میلی بەڕاستی ئامادەیە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بپچرێنی.


لەو شوێنەی کە میلی ڕەنگە زیانێکی زۆریش بگەیەنێت، دژایەتییەتی بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی دراوێکی هاوبەشی بەرازیل و ئەرجەنتین بۆ بازرگانی هاوبەشیان وە هەروەها بۆ ئەمریکای لاتینیش بە گشتی. ئەوە پرۆسەی بەردەوامی یەکگرتنی ناوچەیی بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆز بکات، بەڵام نایوەستێنێت.

هەڵبژاردنی خاڤێر میلی وەک سەرۆککۆمار، ئەرجەنتین دەباتە ناو قەیرانێکی زەبەلاح و فرەلایەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئیدارە ڕاستڕەوە توندڕەوەکەی هێرش بکاتە سەر ماف و دەستکەوتەکانی خەڵک.

سیاسەتە دڕندەکانی نیولیبراڵ بە سەرکوتکردن و گۆشەگیریکردنی نەیاران تەواو دەبێت. بەم شێوەیە دەبێت فراوانترین بزووتنەوە بۆ بەرگریکردن لە ماف و دەستکەوتەکانی خەڵک لە ئەرجەنتین سەرهەڵبدات.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت ئەم هەفتەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بگەینە ئەنجام
پەرلەمانتارێكی پارتی: حكومەتی عێراق كەمتەرخەمە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکات بۆ پرسی تاوانی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان
ژن ژیان گرتووخانە: ژیان لەچاکسازییەکانی ژنان چۆن دەگوزەرێت؟
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×