30 زیندانیكراوی فەلەستینی و 10 بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی ئازاد دەكرێن
  2023-11-28       293       

ئەمشەو سێشەممە، بەپێی رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، پڕۆسەی ئازادكردنی 30 زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی و 10 بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی دەستی پێكرد.

ئاوێنە: ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، كە وڵاتەكەی نێوەندگیری رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسی كردوە، كەمێك لەمەوبەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، ئاشكرایكرد، بەپێی پابەندییەكانی رۆژی پێنجەمی ئاگربەست، ئەمشەو 30 زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاددەكرێن.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەبەرامبەر ئەوەدا هەر ئەمشەو، 10 بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی ئازاد دەكرێن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو 10 بارمتە ئیسرائیلییەی ئازاد دەكرێن پێكدێن لە كچێكی منداڵ و نۆ ژن كە یەكێكیان هەڵگری رەگەزنامەی نەمسایی و دوانیان ئەرجەنتینی و هەروەها لە پاڵ ئەوانەشدا بارمتەیەكی فلیپینی ئازاد دەكرێت و سەرجەمیشیان لەلایەن حەماسەوە رادەستی خاچی سور كراون.

میدیای ئیسرائیل بڵاویكردۆتەوە، ئەو  بارمتانە رادەستی خاجی سور كراون و بەڕێگەوەن بەرەو ئیسرائیل.

هاوكات لەلای خۆیشییەوە بزوتنەوەی حەماس ناوی ئەو 30 دیلە فەلەستینییەی بڵاوكردونەتەوە كە بڕیارە ئەمشەو ئیسرائیل ئازادییان بكات و رایگەیاند، نیوەیان ژنن و نیوەكەی دیكەیشیان منداڵ و كوڕی گەنجن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×