ئاگربەست له‌ غه‌ززه‌ درێژکرایەوە
  2023-11-30       260       

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر رایگه‌یاند، ئاگربه‌ستی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێری دیكه‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30ی تشرینی دووه‌می 2023، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، كه‌ حه‌ساس و ئیسرائیل رێككه‌وتوون ئاگربه‌ستی نێوانیان درێژ بكه‌نه‌وه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، ئاگربه‌سته‌كه‌ به‌ هه‌مان مه‌رجه‌كانی پێشووه‌ و بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر درێژكراوه‌ته‌وه‌.

لەلایەکی دیکەوە حەماس لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە لە بەرامبەر درێژکردنەوەی ئاگربەستە کاتیەکەی ئەمڕۆ، حەفت دەستگیرکراو ئازاد بکات، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، هەروەها رەتیکردووەتەوە تەرمی سێ کەسی دیکەش بداتەوە، کە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون.

حەماس دەشڵێت: "رەتکردنەوەکەی ئیسرائیل لەوکاتەدایە کە ئێمە لە رێگەی ناوبژیوانەکانەوە پشتڕاستمان کردەوە، کە ئەم ژمارەیە هەموو ژمارەی دەستگیرکراوەکانە لە هەمان چین و توێژ کە رێککەوتنی لەسەر کراوە".

باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس پێشتر داوای لە چەکدارەکانی کردبوو، ئامادەکاری بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ئەگەر ئاگربەستی کاتی درێژنەکرایەوە، بزووتنەوەکە رایگەیاندبوو، "لیواکانی قەسام داوا لە هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی خۆیان دەکەن بمێننەوە لەسەر ئامادەیی شەڕ لە کاتژمێرەکانی کۆتایی ئاگربەستەکەدا".

ئاماژەی بەوەشکردبوو، دەبێت چەکدارەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بمێننەوە مەگەر بەیاننامەیەکی فەرمی دەربکرێت کە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە پشتڕاست بکاتەوە".

بەنێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمریکا، رۆژی هەینی رابردوو رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار رۆژ چووە بواری جێبرجێکردنەوە، کە مەرجەکان ئازادکردنی بارمتە و دیلەکانی نێوان هەردوولابوو لەگەڵ رەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە 14 هەزار و 854 کەس کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×