كشمیر؛ پێنج سەربازی هیندستان و سێ سەربازی پاكستان كوژران
  2019-08-15       674       

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی پاكستانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویكردەوە، سێ سەربازی وڵاتەكەی و پێنج سەربازی هیندستان لەتەقەكردنی نێوان هێزەكانی هەردولادا لەیەكدی لەسەر سنوری هەرێمی كشمیر، كە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردو وڵاتە، كوژراون. ئەوەش بە یەكەم خوێناویترین پێكدادانی نێوان ئەو دو وڵاتە دێت لەماوەی ئەمساڵدا.

ئاوێنە: لیوا ئاسف غەفور، وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی پاكستان لە تویتێكدا هێزەكانی هیندستانی تۆمەتبار كردوە بەوەی كە لەسەر سنوری ناوچەی جێناكۆك لە هەرێمی كشمیر، دەستیان بە تەقەیەكی چڕكردوە بە ئاڕاستەی هێزەكانی پاكستان.

وتیشی"تەقە لەیەكدی كردن بە شێوەیەكی پچڕپچڕ بەردەوامی هەیە."

كوژرانی ئەو سەربازانە لەهەردولا لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە گرژییەكانی ئەو دو وڵاتە دراوسێ خاوەن چەكی ئەتۆمە زیادیان كردوە ئەوەش دوای ئەوەی هیندستان بڕیاری پەیڕەوكردنی دۆخی تایبەتی لەو بەشەی هەرێمی كشمیر هەڵوەشاندەوە كە لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەدەبرێت بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانن، ئەوەش توڕەبونی پاكستانی لێكەوتەوە كە داوا دەكات سەروەریی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×