بێده‌نگی‌ یه‌كێتی‌ .. سه‌یره‌!

شێرزاد شێخانی‌
  2020-01-21     856
له‌دوای‌ 31 ئاب ‌و كشانه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ بۆ سلێمانی‌، باری‌ یه‌كێتییه‌كانی‌ هه‌ولێر كه‌وته‌ لێژییه‌وه‌. له‌و ساوه‌ پارتی‌ سه‌رباری‌ رێكه‌وتنه‌ دوو قۆڵیه‌كانی‌ به‌رێكه‌وتنی‌ ستراتیژیشه‌وه‌، رێگه‌ی‌ نه‌دا‌ یه‌كێتی‌ ده‌سه‌ڵات ونفوزی‌ خۆی‌ له‌هه‌ولێر بگێرێته‌وه‌و جۆرێك له‌هاوسه‌نگی‌ دروستببێ له‌پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ ‌هه‌رێمدا. ته‌نانه‌ت ئه‌و دو ساڵه‌ی‌ دكتۆر به‌رهه‌میش بوو به‌سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، یه‌كێتی‌ نه‌یتوانی‌ پارسه‌نگی‌ هێز بگه‌رێنێته‌وه‌ هه‌ولێر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی‌ هه‌موو كابینه‌كانی‌ حكومه‌ت كه‌ به‌ڕێوه‌ی‌ بردوون‌ خستۆیه‌تیه‌ خزمه‌تی‌ خۆی‌‌و به‌سود وه‌رگر‌تنیش له‌داهاتی‌ حكومه‌ت وه‌لائی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌‌ كڕیوه‌، به‌دامه‌زراندن‌و مقاوه‌لاتی‌ حكومه‌تیش جه‌یشێك له‌لایه‌نگرانی‌ بۆ خۆی‌ دروستكردووه‌.

به‌هۆی‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌هه‌ولێرو دواتریش سازشی‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌پارتی‌ له‌سه‌رده‌می‌ مام جه‌لال ‌و دوای‌ ئه‌ویش پشتگییری‌ هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بۆ سیاساته‌كانی‌ پارتی‌ وایكرد یه‌كێتی‌ زۆر زه‌عیف بێت به‌رامبه‌ر پارتی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌هه‌ق وناهه‌ق خۆی‌ كردوه‌ به‌ حیزبی‌ قائید.

ئه‌گه‌ر پێشتر یه‌كێتی‌ به‌هۆی‌ به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ فایلدارو به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كانیه‌وه‌ ئیراده‌ی‌ خۆی‌ ته‌سلیم به‌پارتی‌ كردبو، ئێستاو دوای‌ كۆنگره‌ی‌ نوێبوونه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی‌ گه‌‌نج و ئازاش هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ هه‌ق نیه‌ یه‌كێتی‌ وه‌كو جاران به‌رامبه‌ر به‌ته‌جاوزه‌كانی‌ پارتی‌ ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێ ده‌رهه‌ق به‌هه‌رێم وخه‌ڵكه‌كه‌ی‌، به‌تایبه‌تیش تاوانه‌كانی‌ پارتی‌ به‌رامبه‌ر كادیرو لایه‌نگرانی‌ یه‌كێتی‌ له‌هه‌ولێر. ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ تازه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌ به‌هه‌مان شێوه‌و ئه‌دای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پێشووتر كار بكات، مانای‌ وایه‌ هه‌رێم به‌كامڵی‌ ته‌سلیم به‌پارتی‌ ئه‌كات‌و جۆرێك شه‌رعیه‌تیشی‌ ئه‌داتێ له‌بونی‌ به‌مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ بێ ركابه‌ر له‌هه‌رێمدا به‌مه‌ش هیچ مانایه‌ك بۆ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و دیموكراسیه‌ت وسیاسه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌رێمدا نامێنێ.

پارتی‌ دوای‌ خه‌ساندنی‌ زۆربه‌ی‌ حزبه‌كانی‌ كوردستان به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیشه‌وه‌، ئێستا گه‌وره‌ترین ترسی‌ له‌تاقمه‌ گه‌نجه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ نوێی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانییه‌. ئه‌گه‌ر بتوانێ ئه‌م تاقمه‌ش وه‌كو ئه‌وانی‌ پێشتر كۆنتڕۆڵ بكا، ئیدی‌ هیچ مه‌ترسییه‌كی‌ نامێنێ بۆ چه‌سپاندنی‌ هه‌ژموونی‌ تاكڕه‌وانه‌ی‌ خۆی‌ و بۆ چه‌ند ساڵێكیتریش كۆنتڕۆڵی‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی‌ ئیداره‌و سیاسه‌تی‌ كوردستان ئه‌كات ومنه‌تیشی‌ به‌كه‌س نامێنێ.

سه‌ركردایه‌تی‌ پێشووی‌ یه‌كێتی‌ سازشی‌ زۆری‌ بۆ پارتی‌ كرد، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر حیسابی‌ مه‌بادیئه‌كانی‌ حزبه‌كه‌شی‌ ، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم به‌گشتی‌ به‌ ئومێده‌وه‌ ته‌ماشای‌ یه‌كێتییان ئه‌كردو وه‌كو به‌دیلێكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌  پارتی‌ حیسابیان بۆ ئه‌كرد، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ به‌تایبه‌تیش دوای‌ نه‌خۆشكه‌وتن وكۆچی‌ دوایی‌ مام جه‌لاله‌وه‌ نه‌بوه‌ ئه‌و ركاربه‌ره‌ به‌هێزه‌ كه‌ بتوانێ به‌ر له‌سیاسه‌ته‌كانی‌ پارتی‌ بگرێ ، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌كوردستان روو ئه‌دات به‌تایبه‌تیش له‌هه‌ولێر پێویسته‌ ببێته‌ زه‌نگی‌ وشیاركه‌ره‌وه‌ بۆ داهاتووی‌ یه‌كێتی‌ . چونكه‌ ئێستا پارتی‌ به‌به‌رنامه‌ كار بۆ ته‌سفییه‌كردنی‌ كادیرو ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌كات له‌زۆنه‌كه‌ی‌ خۆیدا به‌تایبه‌تیش له‌هه‌ولێر . ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ بیه‌‌وێ هێزو جه‌ماوه‌ره‌كه‌شی‌ له‌هه‌ولێر بگه‌رێنێته‌وه‌ ئه‌بێ زۆر به‌تووندی‌ به‌ر به‌م شاڵاوه‌ی‌ ره‌شبگییری‌ وتۆقاندنه‌ی‌ پارتی‌ بگرێ به‌رامبه‌ر به‌كادیرانی‌ خۆی‌ و سنورێك بۆ ئه‌م تاوانانه‌‌ دابنێ ، ئه‌گینا به‌ موجامه‌له‌و چاوپۆشین له‌م تاوانانه‌ ، ئیدی‌ پارتی‌ حیساب بۆ هیچ كه‌سو لایه‌نێك ناكات وبۆ لاوازكردنی‌ نه‌یاره‌كانی‌ خۆی‌ هه‌موو وه‌سیله‌یه‌ك به‌كار ئه‌هێنێ .

سه‌ركردایه‌تی‌ تازه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌گه‌ر له‌ئێستاوه‌ خۆی‌ نه‌كات به‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێتیه‌كانی‌ هه‌ولێر ، جارێكیتر ناتوانێ بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ ، چونكه‌ ئه‌و پێِشمه‌رگه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ له‌ناو زیندانی‌ ئاسایشی‌ پارتی‌ به‌ سیناریۆیه‌كی‌ زۆر كۆمیدیانه‌ خه‌ڵتانی‌ خوێن كرا ، ئیختباری‌ هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ی‌  یه‌كێتیه‌‌ تازه‌كه‌یه‌ . ئه‌گه‌ر هه‌ڵویستی‌ یه‌كێتی‌ تووند بوو ، پارتیش ناتوانێ ده‌ست بۆ قوڕگی‌ كادیرانی‌ یه‌كێتی‌ ببات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی‌ پێشووی‌ یه‌كێتی‌ بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردو بێ منه‌ت بوون له‌كادیرو لایه‌نگرانیان له‌هه‌ولێر ، بێگومان پیلانه‌كانی‌ پارتی‌ بۆ ته‌سفییه‌ی‌ یه‌كێتییه‌كانی‌ هه‌ولێر به‌رده‌وام ئه‌بێ و، ئیتر نه‌ك ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی‌ ، به‌ڵكو خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ش ناوێرن جارێكیتر له‌یه‌كێتی‌ نزیك ببنه‌وه‌ .

ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌هه‌ولێر كرا ، ره‌نگه‌ چاره‌نوسی‌ سه‌رجه‌م كادیره‌ ئازاو چاونه‌ترسه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بێت ، بێگومان نۆره‌ی‌ ئێمه‌ی‌ نوسه‌رو چالاكوان ورۆشنبیرانی‌ خاوه‌ن ویژدانیش دێ ، چونكه‌ پارتی‌ زۆر به‌جیددی‌ كار له‌سه‌ر به‌دیكتاتۆركردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێم ئه‌كات ، ‌ئه‌وسا ئێمه‌ش كورد وته‌نی‌ ( له‌تڕی‌ سه‌ی‌ ) ئه‌ڕۆین و خوێنه‌كه‌شمان ئه‌كه‌ن به‌قوربانی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ مقاوه‌لات یان دوو تانكه‌ر نه‌وتی‌ قاچاخ . مشكۆی‌ هه‌ولێری‌ ده‌میكه‌ وتوویه‌تی‌:

 له‌پاش مه‌رگم  چ فایده‌یه‌ بێیه‌ سه‌رقه‌برم له‌بۆ شیوه‌ن .. ئای‌ ئای‌ !!..
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×