سڵاو،
ئه‌م به‌یانییه، سه‌رقاڵی مشوری ژیانی رۆژانه و ئاماده‌كردنی ژه‌می به‌یانی بووین بۆ منداڵه‌كانمان، ته‌ماشای شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانمان ده‌كرد تا كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگ له‌سه‌ر نرخی پیاز و ته‌ماته و سووته‌مه‌نی ماڵان بزانین، ده‌نگی درۆنی وڵاته‌كه‌ت سه‌رله‌نوێ خۆی كرد به ماڵه‌كانماندا، ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوو به میوانمان.
درۆنێكی موعتادی سوپاكهتان یان "وه‌كیل"ه‌كانتان له موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی، ئه‌و هێزانه‌ی له وتاره‌كه‌ی ئه‌م ئێواره‌یه سوپاست كردن، كه‌وته سه‌ربان و بنبانی ماڵی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی گه‌ڕه‌كی (قالاوه)ی شاری سلێمانی.
ئه‌م وێنه‌یه ته‌واوی سه‌رده‌مێك له خۆده‌گرێت، سه‌رده‌مێكی ره‌ش كه درۆنه‌كان جیاوازی ناكه‌ن له‌نێوان جه‌نگاوه‌رێك و ژنێكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان كه ژه‌می به‌یانی بۆ منداڵه‌كانی ئاماده ده‌كات. هه‌رێمێك ده‌كاته ئامانج كه سه‌ركرده‌كانی شێوازی ده‌ربڕین نه‌ماوه به‌كاری نه‌هێنن: "ئێمه به‌شێك نین و نابین له‌م شه‌ڕه."
درۆنی جه‌نگیی سوپا و پاسدار و حه‌شدی وهلائیتان له سه‌ربانی ماڵ له گه‌ڕه‌كه‌كانی قالاوه و ژیان له سلێمانی و هه‌ولێر و شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان دڵته‌زێنتر ده‌بوو، نه‌خوازا له‌ناو یارییه‌كی منداڵانی گه‌ڕه‌ك بووایه، یان له شوێنێكی وه‌ك قوتابخانه‌كه‌ی شاری میناب، كه وه‌ك ده‌رهاویشته‌یه‌كی قێزه‌ونی جه‌نگ، مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه بۆ ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ی.
بۆ ده‌ته‌وێت بمانكوژیت؟ ئه‌وانه‌ی شاره‌كانتان ده‌كه‌نه گۆڕستان، ئێمه نیین، ئیتر بۆ ئه‌م هه‌سته قین و شه‌ڕه‌نگێزه‌ی هێزه‌كانتان بووه به خوو و فۆڕمێكی ده‌روونی وه‌رگرتووه؟ له كاتێكدا، له ئاستی ره‌سمیدا به یه‌ك وشه‌ش پشتیوانی ئه‌و جه‌نگه نه‌كراوه، له سنووره‌كانمانه‌وه فیشه‌كێك به رووی پاسدارێكتاندا نه‌ته‌قیوه، له شاره‌كانمانه‌وه خۆپیشاندانێكی (10) كه‌سی نه‌هاتووه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ پشتیوانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل، ئیتر تۆڵه‌ی چیمان لێ ده‌كه‌نه‌وه؟
رووداوه‌كانی ئێستا و رابردوو له به‌كه‌م ته‌ماشكردنی خوێنی هاوڵاتیانی كوردستانی، له یاده‌وه‌ری نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو به‌زیندوویی ده‌مێننه‌وه. دانیشتووانی ئه‌م شاره بۆمببارانی 17ی كانونی دووهه‌می 1987ی له یاده‌وه‌ریدا نه‌سڕاوه‌ته‌وه، له گه‌رمه‌ی جه‌نگدا كاتێك سوپای عێراق، شاره‌كانی ئێوه‌ی داگیرده‌كرد، ئێوه ده‌هاتن گه‌ڕه‌كی ئازادی و شه‌قامی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و كارێزه وشكتان بۆردومان ده‌كرد، هه‌ر ئێمه قوربانی بووین، تاوانكارییه؟
جه‌نابی موجته‌با، به بۆنه‌ی ده‌ست به كاربوونتان وه‌ك سێهه‌مین رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی، زۆربه‌ی سیاسییه‌كانمان، پیرۆزباییان لێ كردن، كه‌چی به زۆری زۆرداری شوێنه مه‌ده‌نییه‌كانی و دامه‌زراوه‌كانی تری ده‌كه‌نه ئامانج، شه‌ڕ بۆ ده‌هێننه سه‌ربانی ماڵه‌كانمان؟
ئه‌م هه‌موو پاره‌یه بۆ ئیتڵاعات و هه‌واڵگری سه‌رف ده‌كه‌ن، كه‌چی نازانن له قالاوه هیچ باره‌گایه‌كی مۆسادی لێ نییه، ئه‌م هه‌موو بهكرێگیراوهتان نه‌یانتوانی بیسه‌لمێنن كه ئیسرائیل له هه‌رێمی كوردستان بنكه‌ی نییه.
ئیتر ئه‌م دڵڕه‌قی و دڵڕهشییهی سوپای پاسداران و به‌كرێگیراوه‌كانیان له عێراق دژ به كوردستان له پای چی؟ بۆ ته‌واو نابێ؟