ناچێتە عەقڵەوە، ئەمە تەنها زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت دەستكاری ئەم راستییە بایۆلۆژی و فیزیكییە بكات، لەو كاتەیشدا بۆ فیلم كارتۆنی منداڵان گونجاوترە، نەك بینەرو بیسەری بەدبەختی سەرو 18ی هەرێمی كوردستان، فیل بەو قەبارەو قورساییەوە چۆن وەك باڵندەیەك بە ئاسماندا دەفڕێت؟ ئەمە مەحاڵە.
مەحاڵبونی گۆڕینی فیل بۆ باڵندە، چۆن باڵندەیەكیش؟! (باڵندەیەكی ناڕازی)، وەك مەحاڵبونی میدیای دەسەڵات یان میدیای شاگردەكانی دەسەڵات، یان ئەوانەی لە فرێزەری میم سین بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ئامادە كراوان، یان شوێنكەوتوانی پارەی سیاسیی دەسەڵاتە، یان ئەوانەی لەژێر فشارو هەڕەشە سەنگەری ئۆپۆزسیۆنیان چۆڵكرد، بە موعجیزەیەك بێنە بەرەی ناڕازی.
ئەمە درۆیەكی تێپەڕ نییە، بەڵكو درۆیەكە تەواوی گوتاری میدیایی لەسەر بنیاتنراوە، جارێك شاشەكانیان لەڕێی بریكارەكانیان لە حەشامەتی بەناو رۆشنبیرو دالی زانكۆ و سەربازی حزب پڕدەكەنەوە، بەشێوەیەك جوانكاری بۆ دەكەن سەرسام بیت، جارێكیش بەناوی چاودێر و رۆژنامەنوسی شوێنكەوتوی پارەی سیاسی، شەڕی بەوەكالەتیان بۆ دەكەن و دەبنە وتەبێژی فەرمیی ئەوقاف و تەندروستی و ناوخۆ.
كێشەم لەگەڵ سوپرایزەكانی میدیای دو حزبی باڵادەست نییە، چونكە زۆرن، كێشەم لەگەڵ دوڕویی و ئەو گاڵتەجاڕییەیە كە پێیوایە دونیای ئێمە بڕوای بەو موعجیزەیە كردوەو دەسەڵات بۆی هەیە میدیاكەی ئۆپۆزسیۆن بێت، حزب بۆی هەیە خۆی لاونیوێكی لەناو دەسەڵاتدا بێت، بەڵام ستۆدیۆی كەناڵەكەی بكاتە چایخانەی ناڕازییەكان.
پارتی و یەكێتی بون بە مەعمەلی بەرهەمهێنانی حزبی موعارەزەی ساختە بۆ هەڵبژاردنەكان، میدیاو رێكخراوی پاشكۆ، رۆشنبیری وابەستە، چالاكوانی سیاسیی بەناو سەربەخۆ. بەم رۆژگارە لەڕێی بەرتیلی مانگانەوە بە دەمامكی ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی ناڕازی گروپ و حزبی ساختەچی دروستدەكەن.
ئەم دوڕویی و گاڵتەجاڕییە، ئەم گوتارە دەمامكدارەی میدیای دەسەڵاتی كوردی، ئەم فێڵانەی بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و میدیای ساختەچیی بەناو ئۆپۆزسیۆن دەیكەن، بێبایەخكردنی ئاشكرای هۆشیاریی هاوڵاتیانە، كە ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێت: تۆ گێلیت شایەنی پێكەنینیت.
ئەم بازدانە سیاسییە، ئەو حاڵەتە سەرسوڕهێنەرەی ئەمانەی كردوە بە معارەزەی سیاسی و چالاكوانی سەربەخۆ، تەنها كاتێكدا رودەدات، كە چەرمی رو قایم بێت، یان مەسروفی حزب و گروپ و میدیاكان لە ئیدارەكانی پارەی یەكێتی و پارتی بێت.
ئەم ترێندە وەرزییەی بەشێكی میدیای سێبەرو رەسمیی دەسەڵاتداران، ئەم گوتارە ریسایكڵكراوەی ژوری هەواڵیان بە هێرشی سیاسی، وەك ئەوەی حزبەكەیان بڕبڕەی دەسەڵات نەبێ، یان چەواشەكردنی هاوڵاتیان نەوەستاوە، ئێستا كۆمەڵێ دەمامكدار بەناوی ئۆپزسیۆن، كۆمەڵێ گروپی خۆبەخش تەخوین دەبەخشنەوە و گومان دەخهنە سەر دڵسۆزی ئەوانەی لەگەڵ خۆیان و كۆمەكبەخشەكانیان جیاوازن.
بەبازاڕكردنی هەندێ بەناو ئۆپۆزسیۆن كە دەمێكە لەساردكەرەوەی میم سینەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتو هەڵگیراون، ئێستا بۆ شەڕی سیاسەت و قوڵكردنەوەی روحی ناوچەگەری دەردەكەون و، فێستیڤاڵێكمان لە درۆ و دەمامك و فریودانمان پیشان دەدەن، كە هەمو لە یەك كاتدا معارەزەن، لەهەمان كاتیشدا وتەبێژی حزب و تەعزییەخانەو ئاسایش و خەستەخانە، لەهەمان كاتدا پارێزەری كەرامەتی ڕوشاوی حزبن.