کێشەی نێوان کورد و عەرەب ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە و لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، ململانێ و نەگونجان بەردەوام بووە. هەر کەسێک دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، پێکهاتەکانی تری پشتگوێخستووە یان چەوساندوونەتەوە. ئەم ڕاستییە تاڵە پێمان دەڵێت کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی مەرکەزیدا، بەبێ دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی، ئیتنیکی و مەزهەبییەکان، عێراق هاوشێوەی سەد ساڵی ڕابردوو بە سەقامگیری ناگات.
ئەو بڕیارانەی ئهمڕۆ لەلایەن سەرۆکی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەردەچن، زنجیرەیەک ڕێوشوێنن و تەواوکەری بڕیارەکانی پێشوون بۆ بڕینی بودجە و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بەمەبەستی سنووردارکردن و لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان؛ بڕیارگەلێک کە ڕەهەندی هەرێمی و نێودەوڵەتییان لە پشتەوەیەو پێویستە سەرکردایەتیی کورد زۆر بەوردی کۆدەکانیان بخوێنێتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات.
لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا، لەسەر ئاستی دەرەوە دەکرا لەبری ململانێی ناوخۆیی، کاری جددی و لۆبیی بەهێز لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بکرێت و خۆئامادەکردنێکی تۆکمە بۆ ڕۆژانی سەخت هەبووایە؛ شتێک کە بەداخەوە وەک پێویست نەکراوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، دوای ٣٥ ساڵ هێشتا نەتوانراوە حکومەتێکی یەکگرتوو، دەستوورێکی گەل پەسەند، دامەزراوەی نیشتمانیی کارا و هێزێکی یەکگرتووی بەرگری دروست بکرێت. هەروەها نەتوانراوە جیاوازیی چینایەتی کەمبکرێتەوە، داهاتی وڵات بە دادپەروەری دابەشبکرێت و نموونەیەکی سەرکەوتووی حوکمڕانی پێشکەش بکرێت کە نان، ئازادی، ئاسایش و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک نەوتی سپی بۆ خەڵک دابین بکات. لەمەشدا، پێش هەر کەسێک، بەرپرسیارێتیی سەرەکی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.
هەر ئەم بۆشایی و کەموکوڕییانەش وایکردووە قەوارەی هەرێم لاواز بێت و بەغدا بە بیانووی گەندەڵی و قاچاخچێتییەوە فشار و هێز زیاتر بکات. ئەم دۆخە بێمتمانەییەکی گەورەی لای هاووڵاتییان دروستکردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە خەڵکی دڵسۆز و تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانیش داوای چاکسازی و چارەسەریان دەکرد، بەڵام گوێی لێ نەگیرا.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتا هیوا ماوە؛ ئەگەر کەمیش بێت، دەکرێت کێشە ناوخۆییەکان چارەسەربکرێن و ئاوڕێکی جددی لە گوزەرانی خەڵک بدرێتەوە، هەر هیچ نەبێت لەپێناو پاراستنی داهاتوو و خۆشگوزەرانیی خۆتان و خێزانەکانتان و مانەوەی قەوارەی هەرێم کێشەکان چارەسەربکەن.