نیگەرانیەکانی ئێران لەهەرێمی کوردستان

سەرهەد شێخە
  2024-02-02     109

بێ گومان باسکردن لە نیگەرانی یەکانی ئێران وەک یەکێک لە وڵاتە زلهێزە هەرێمیەکان و دراوسێیەک بەمانای نە بەرگری کردنە لێی و نە ڕەوایەتی دانە بە هێرشە درۆزن و موشکەکیەکانی بۆ سەر هەر شارێکی هەرێمی کوردستان، بەڵام وەک وڵاتێکی دراوسێ چاوەڕێی زیاتری لە هەرێمی کوردستان هەبوو چونکە ئەڵێن لە کاتی تەنگانە و نارەحاتیەکانی سەر هەرێم ئەوە ئێمە(ئێران) بوو بەهانای هەولێر و خەڵکی کوردستان هاتووە بەتایبەت لەسەردەمی کۆڕەوەکە و شەڕی داعش.
هەوڵ دەدەم کە نیگەرانیەکانی بە کورتی لە چەند خاڵێکدا بخەمەڕوو:
یەک. نیگەرانی ئێران لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی وەک گەورەترین حزبی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی لەگەڵ کوتلەی سەدر و حەلبوسی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە لە عێراق و کارکردی بۆ کەم کردنەوەی ڕۆڵی ئێران لە عێراق.
دوو. نیگەرانی ئێران لە بوونی بارەگای حزبیە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە لەکاتی بوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگومانی یارمەتی و هاندانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایان حزبیەکانی ڕۆژهەڵات و سەرۆکی دەزگای زانیاری کە لە هەولێر دادەنیشت.
سێ. گومانی ئێران لەبوونی دەزگای موسادی ئیسرائیلی بە هەر شێوەیەک بێت و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە ئیسرائیل.
چوار. بوونی بارەگا و سەربازگەی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا
پێنج. ئێران پارتی وەک بەربەست دەبێت لەبەردەم هیلالی شیعی وە ئەنجامدانی ریفراندۆمش یەکێک بوو لە نیگەرانیەکانی.
شەش. نیگەرانی ئێران لە بوونی بنکەی بارەگای سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.
هەموو ئەو خاڵانە و چەند خاڵی تر وای کردووە ئێران لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی نیگەران بێت و حەق بەخۆی بدا بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی خۆی هێرش بکاتە سەر هەرێم.
بەڵام لە ڕاستی دا ئەمانە نیگەرانی نین بەڵکو پاساون بۆ نمونە تاکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نیە کە بارەگای دەزگای موسادی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەبێت، وە بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر سنورەکان نەماون دەتوانم بڵێم هیچ چالاکیەکیان نەماوە تاکو زیان بن بۆی، وە بوونی بنکەی هاوپەیمانان و ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش مانەوەشیان لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دا نیە
کەواتە ئێران دەکرا دەکرێت بۆ داهاتووش لە بری چالاکی سەربازی موشک و درۆن بیر لە ڕێگای تر بکاتەوە بە تایبەت ڕێگای دپلۆماسی و گفتوگۆ چونکە پەیوەندیەکی مێژووی بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەر دوولادا هەیە دەکرا و دەکرێت بیر لەڕێگای تر بکرێتەوە بۆ هەر نیگەرانی و گلەیەک کە لە پەیوەندی هەر دوو لادا هەیە
گرنگە و پێویستە هەرێمی کوردستان باشتر و لێزانان تر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات لە ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بەتایبەتی لە عێراق تێ بگات، هاوسەنگی لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لەبەرچاو بگرێت.
پەند لە مێژووی لە لایەنی کەم مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو وەربگرێت تاکو هەرێمی کوردستان نەبێتە سووتەمەنی ململانێ و جەنگی نێوان وڵاتان کە جگە لە ماڵ وێرانی و ئاوارەی هیچ سود، بەرژەوەندیی و قازانجی کورد دا نەبووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×