مێژوو تەنھا کتێبێکی کۆن نییە لەسەر ڕەفەی پەرتووکخانەکان کە تەنھا بۆ گێڕانەوەی ڕابردوو بێت، بەڵکو ئاوێنەیەکی ڕاستگۆ و بێدەنگە کە ھەموو جوانی و ناشرینییەکانی مرۆڤایەتی تێدا دەدرەوشێتەوە.
ھەر کاتێک باسی مێژوو دەکرێت، کتێبێک دەبێتە سەرچاوە، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ھەموو مرۆڤێک ڕۆژانە بە مەرەکەبی کردەوەکانی خەریکی نووسینەوەی لاپەڕەیەکی تایبەتە لەو کتێبە گەورەیەدا. مێژوو وەک تابلۆیەک وایە کە تەنھا دوو ڕەنگی سەرەکیی ھەیە، سپی و ڕەش. مێژووی سپی ئەو ڕێگەیەیە کە بە ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستی ڕووناک کراوەتەوە و دەبێتە چرایەک بۆ نەوەکانی داھاتوو، مێژووی ڕەشیش ئەو لاپەڕە تاریکانەن کە بە زوڵم و بەرژەوەندیخوازیی کاتی نووسراونەتەوە و وەک پەڵەیەکی ڕەش دەمێننەوە.
ھەموو چینەکانی کۆمەڵگە بەشدارن لە دروستکردنی ئەم نەخشە گەورەیەدا، بەڵام ھەندێک پێگە بەرپرسیارێتییان قورسترە. کاربەدەستان و خاوەن بڕیارەکان لە تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامدان تا دیار بێت ئایا تواناکانیان بۆ ئاوەدانی بەکارھێناوە یان بۆ بەرژەوەندیی تەسک. دادوەرەکان وەک پاسەوانی تەرازووی ڕاستی، ئەگەر تەنھا حەق ببینن، ناویان وەک ھێمای دادپەروەری دەمێنێتەوە. پزیشکان و مامۆستایان، کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆح و جەستەی مرۆڤ مامەڵە دەکەن، ئەگەر پیشەکەیان بکەنە پەیامێکی مرۆیی، دەبنە ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی نەوەکان. مامۆستایانی ئایینیش وەک پێشەنگە ڕۆحییەکان، ئەوانەی دەبنە پردی پێکەوەژیان، مێژوو لەناو دڵی خەڵکدا تۆماریان دەکات. تەنانەت ھونەرمەندانیش ئەگەر بە داھێنانەکانیان جوانی بپارێزن، ھەرگیز نامرن.
بەڵام مێژووی ڕاستەقینە تەنھا ھی ئەوانە نییە کە ناویان لە سەردێڕەکاندایە، بەڵکو ھی ئەو جوتیارە ماندووەیە کە زەوی ئاوەدان دەکاتەوە، ئەو کرێکارە دەستپاکەیە کە نیشتمان بونیاد دەنێت، و ئەو دایک و باوکە دڵسۆزەیە کە نەوەیەکی بەڕەوشت پێدەگەیەنن. مێژوو تاقە دادگایە کە مرۆڤ ناتوانێت لێی دەرباز بێت. مرۆڤ دەتوانێت لە سزای یاسا ڕابکات، بەڵام ناتوانێت لە کات ڕابکات. کات ھەموو شتێک دەپەرژەنێت، ماسکەکان لادەبات و ڕاستییەکان وەک خۆیان نیشان دەدات. مێژوو وەک سێبەر وایە، ھەتا مرۆڤ بەرەو ئێوارەی ژیانی بڕوات، سێبەری کردەوەکانی درێژتر دەبنەوە. ژیر ئەو کەسەیە کە تێدەگات پلە و پۆستەکان کاتیین و تەنھا ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەو شوێنەوارە مرۆییەیە کە لە دوای خۆی جێی دەھێڵێت.
پاڵەوانی ڕاستەقینەی مێژوو ئەو کەسە نییە کە جیھانی داگیر کردووە، بەڵکو ئەو مرۆڤەیە کە توانیویەتی لەناو گەردەلوولی بەرژەوەندییەکاندا، ویژدانی خۆی بپارێزێت. ئەوەی ناوی مرۆڤ بە نەمری دەھێڵێتەوە، تەنھا ئەو شوێنەوارە پاکەیە کە دەبێتە پردێک بۆ پەڕینەوەی نەوەکان بەرەو کەناری ئاشتی و ئاوەدانی...