ژنی کورد لەنێوان کۆیلایەتی دوێنێ و ئەمڕۆدا

دێرین جەمال
  2024-02-14     303

لەدوای پرۆسەی ئازادیی و گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردەواریی بەرەو ژیانێکی مۆدێرن ، گۆڕینێک تەنیا لەجل وبەرگ و ڕازاندنەوەی ناوکۆشکەکان ، نەوەک گۆڕینێک لەناخەکاندا بەئەقڵێتی سەردەم، ڕوویداو ھەندێ لەو دابونەریتانەی  کە نەگەتیڤانە کاردەکاتە سەر کەسایەتی  ئینسانەکان برەودەسەنن، یەکێک لەو دابونەریتە ناشارستانی بوونی پیاوسالارییە کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە ژن وەک کۆیلەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بۆ پترکردنی خواست و ئارەزووەکانی پیاو، لێرەوە کێشەکە بەدەرەجەی یەکەم، دەگەڕێنمەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردیی کە دەبێت ژن وەک کەسێکی لاواز تەماشا بکرێت بەوشەیەک کە بەزەعیفە ناوزەند بکرێت، ھەرچەندە ژن بەپێچەوانەی ئەو دەستەواژەیە، ھەمیشە بریتی بووە لەڕەمزی فیداکاریی و پەروەردەکردنی خودی پیاوانی دواڕۆژ، ھەمیشە وەک سمبولێک ژنی کورد توانیوێتی ھاوشانی پیاو لەکۆڕو خەبات ومێژووی کورد دەربکەوێت و دەرکەوتووە نموونەش زۆرە وەک (مەستورەی کوردستانی -قەدەم خێرو- حەپسەخانی نەقیب- لەیلاقاسم) چەندەھای دیکە، لەھەموو بوارێکدا جێگا دەستیان دیار بووە.
کۆمەڵگەی کوردیی سەرەڕای بوونی ھەموو ئەو سانسۆرو ئاستەنگانەی لەبەردەم ژنی کوردا دایاناوە، ھەر لەقەتیس کردن و مەژغەڵەتکردنی بەکاروباری ماڵ و بەکارھێنانی ھەندێ دەستەواژەی ھەڵە بەناوی شەرەف و ئەخلاقییەتەوە توانیوێتی چەندین ئەستێرەی درەوشاوەی ئەم ڕەگەزە لەئاسمانی پڕ بەھای ئەدەب و فەرھەنگی نەتەوایەتی بەدرەوشاوەیی بھێڵێتەوە، جا چ لەمێژووی دوێنێمان و لەژیانی ئەمڕۆمان و لەسبەینێی ئاواتەکانماندا، ئەمانەی سەرەوە کە ئاماژەی پێکراھەندێ لەوھۆکارانەیە کە کاری کردۆتە سەر دواکەوتنی ڕەوتی خەباتی ژنان و لەھەمان کاتدا زاڵبوون بەسەر زۆرانبازیی ئەو کلتورە دواکەوتوانە، بەڵام بەدەرەجەی دووەم ئاستەنگی نوێ لەژیانی ئەمڕۆماندا لەسایەی ئەوھەموو  ئازادیی وھەوڵدانە بۆ مۆدێرنە کردنی بوونی ژن وەک تاکێکی کاریگەر و نیوەی کۆمەڵ، تەنانەت ئەو سەنتەرانەی بۆ داخوازییەکانی ژنان کراونەتەوە نەیانتوانیوە تا ئاستێکی پێویست کێشەی ژن چارەسەربکەن، وەک لای ھەموومان ئاشکرایە پێش پڕۆسەی ئازادیی کچانی کۆمەڵگەی ئێمە زۆریان فشاری کەسوکاریان لەسەربوو. خێزانەکان دەبوون بەبەربەستێک لەبەردەمیاندا بۆ تەواو نەکردنی قۆناغەکانی خوێندن، کە ئەمەیان لەقۆناغەکانی ناوەندیی  ودواناوەندی زیاتردرکی پێدەکرا، ئەم بەربەستانەیان دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ئەو گەنجە لەقۆناغی پێگەیشتندایەو خانەکانی مێشکی باش گەورە نەبوون و توانای زاڵبوونی بەسەر خۆیدا زۆر کەمە، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بۆ بەدواداچوونی حەزو ئارەزوەکانی ناخی ، ئیتر بیریان لەوە نەکردۆتەوە سایکۆلۆژیی ئەو کەسە لەئاستێکی بەرزدایە یان نزم ، یا چ کارەساتێک بۆ داھاتووی دروست دەکات، ئەوەی دەمەوێت لەسەری بدوێم لێرەوە دەستپێ دەکات ئەو گەنجە گەورە بووە ھەر لەسەرەتای لاوێتیدا چۆتە ناو پڕۆسەی ھاوسەرگیرییەوە پاش چەند ساڵێک یەک دوومنداڵی بووە، ئەوەندە لە ناوماڵدا دەمێنێتەوە بێزاردەبێت، تازە کارەکانی ئەوقاپ شوشتن و جل شۆردن و لێپرسراوێتی پیاو منداڵەکانییەتی ئەم بەرنامەیە وەک بەرنامەی کاتژمێر ھەموو ڕۆژێک لەژیاندا دوبارە دەبێتەوە تا ئەو ڕادەی کار دەکاتە سەرباری دەرونی لەبەرئەوەی ھیچ ڕێگە چارەیەکی نییە ھەر بەزویی وازی لەخوێندن  پێھێنراوە وئێستاش  ھیچ  بڕوانامەیەکی لەبەردەستدا نییە تابتوانێت لەفەرمانگەیەکدا کاربکات  تا ئەمیش ھیچ  جیاوازیەکی لەگەڵ  پیاودا نەبێت و بتوانێت کەمێک لە بژێویی ژیان دابین بکات، بەڵام  لەگەڵ نەبوونی بڕوانامەدا ھەست  بەکەمی  لەجەستەی  خۆیدا دەکات گەرچی لەڕاستیدا نابینا نییە، بەڵام  وەک  کەسێکی  نابینا خۆی  دەبینێت، ھەندێ لەکێشە کۆمەڵایەتییەکان  لەمەوە سەر ھەڵدەدات، چونکە زۆر کات  لەبەر نەبوونی  مادەو پارە بۆ باش بەڕێوەبردنی  ژیانیان ھەندێک لەژنان  لەگەڵ  ھاوسەرەکانیاندا شەڕ دەکەوێتە نێوانیان لەم  کاتەدا ژن ھێندە باری دەروونی ھیلاکە زۆر جار ڕوداوی جیابونەوە یان خۆسوتاندن یان خۆژەھراوی کردن بەدەرمان، بەچارەسەرێک  دەزانێت تا کۆتای بێت بەئاڵۆزیەکانی ژیانی، لەھەمان کاتیشدا تێک چوونی باری خێزانیان .
ئەگەرچی لە دوای پرۆسەی  ئازادییەوە چەندین وەزیرو بەرپرسی  حوکمەتمان ھەیە کە ژنن کار بۆ ژنان دەکەن، بەڵام نەیانتوانیوە کێشەی ژن کۆتایی پێبێنن لەڕێی کردنەوەی چەند کارگەیەکەوە کە کاربەدەستەکانی ژن بن تابتوانن بەبێ بڕوانامە لەو کارگەیەدا کاربکەن  وھەست بەبونی  خۆیان بکەن کە ھیچ  جیاواز یەکیان لەگەڵ پیاودا نیەو ئەو کێشە مادیەشیان  لەھەمان  کاتدا چارەسەر دەبێت واتە لەڕوی مادیی و دەرونیشەوە ئاسودە دەبن ...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×