کۆچ: خاڵی وەرچەرخانی مێژوو و ڕۆژمێری نوێبوونەوەی ژیان

دێرین جەمال
  2026-06-16   

​کۆچی مێژوویی پێغەمبەری مەزن (د.خ) لە مەککەوە بۆ مەدینە، تەنھا گەشتێکی ئاسایی یان ڕووداوێکی تێپەڕیو نەبوو لە مێژوودا، بەڵکو سەرەتای سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیانی مرۆڤایەتی بوو. کۆچ، خاڵی گۆڕینی نەھامەتی و سەختییەکان بوو بۆ قۆناغێکی نوێ کە تێیدا یەکەمین کۆمەڵگەی شارستانی لەسەر بنەمای تەبایی، یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بونیاد نرا.

​کاتێک ئاوڕ لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) دەدەینەوە، دەبینین پرۆسەی کۆچ سەرەتای گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە مەککەدا، پێغەمبەر (د.خ) و ھاوەڵانی ڕووبەڕووی سەختترین قۆناغی چەوساندنەوە، گەمارۆی ئابوری و ئازاری دەروونی و جەستەیی بوونەوە، بەڵام کۆچ بوو بە دەروازەی ڕزگاری و سەرەتایەک بۆ داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی نوێ. پێغەمبەر (د.خ) بە گەیشتنی بە مەدینە، یەکەمین کاری بونیادنانی مزگەوت بوو وەک ناوەندێکی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی، پاشان گرێدانی پەیمانی برایەتیی مێژوویی لە نێوان کۆچەران و پشتیوانان دا، کە تێیدا مۆدێلێکی بێوێنەی لە قوربانیدان و ھاوسۆزی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد. ھەر لەو سەردەمەدا و بە نووسینەوەی دەستووری مەدینە، بنەماکانی ھاووڵاتیبوون و پاراستنی مافی کەمینەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکھاتە جیاوازە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکاندا چەسپێنرا.
​ئەمڕۆ کە پێ دەنێینە ساڵی نوێی کۆچی (١٤٤٨)، یادکردنەوەی ئەم بۆنە گەورەیە تەنھا گەڕانەوە نییە بۆ ناو لاپەڕەکانی ڕابردوو، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ قووڵبوونەوە لەو مانا بەرز و مرۆییانەی کە کۆچی لە پێناودا کرا. کۆچ وانەیەکی گەورەی ژیانە، تەپێمان دەڵێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و سەرکەوتن، بە دروشم نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە ئارامی, قوربانیدان، فیکرێکی ڕوون و پلاندانانێکی ورد ھەیە، ڕێک وەک ئەوەی پێغەمبەر (د.خ) لە سەردەمی خۆیدا بە کردار نیشانی داین کە چۆن لە ناو جەرگەی کۆسپ و سەختەکاندا، ئاسۆیەکی نوێ بۆ گەشە و پێشکەوتن بدۆزینەوە.
​لە کاتێکدا بە دڵێکی پڕ لە ھیواوە پێشوازی لەم ساڵە نوێیە دەکەین، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی گشت موسڵمانانی جیھان و بە تایبەتی گەلی کوردستان دەکەین. لە خوای گەورە و میھرەبان داواکارین ئەم ساڵە بکاتە ساڵی خێر و بەرەکەت، و تەبایی و ئاشتی باڵ بکێشێت بەسەر مرۆڤایەتیدا.
​ھیواخوازین ساڵی ١٤٤٨ی کۆچی، ببێتە ساڵی سەرکەوتن، کۆتاییھاتنی ناخۆشییەکان و بەدیھاتنی ئاواتەکان، ساڵێک کە تێیدا ڕۆحی مرۆڤدۆستی، بەخشندەیی و دەستگرتنی لێقەوماوان و ئەوانەی پێویستیان بە ھاوکارییە، ببێتە ھەوێنی کار و ژیانی ڕۆژانەمان و ھەمووان پێکەوە بەرەو داھاتوویەکی گەشاوەتر ھەنگاو بنێین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
یەرەکە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان و کۆساڵان ڕاگەیاند
ئۆکرانیا دەنگۆی ناردنی درۆن و هێزی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران هه‌یه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كورد
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: كورد له‌ كه‌ركوك په‌راوێزخراوه‌و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختەوە؛ فڕۆکەخانەی عەدەن کرایە ئامانج و تەعز لەبەردەم کارەساتی مرۆییدایە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لووتکە؛ مەرجی قورس، گەمارۆی دەریایی و پلان بۆ هێرشێکی نوێ
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×