ڕۆژنامەنوسێک داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی وەزارەتەکان دەکات: لە ئەزموونی ڕابردووەوە بۆ ڕزگارکردنی خێزانەکانی ئەمڕۆ..

دێرین جەمال
  2026-09-08   

لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ دیاریکردنی پۆشاکی یەکپۆشیی قوتابییان لە باخچەوە تا ئامادەیی، ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دیاریکردنی جلی یەک پۆش ھەنگاوێکی زۆر جوانی پەروەردەیییە،چونکە سیمایەکی بەرز ڕێکدەخات، جیاوازیی چینایەتی لەناو پۆلەکاندا ناھێڵێت و ناھێڵێت ھیچ منداڵێک لەبەرامبەر ھاوڕێکانی پێداویستییەکانی بنوێنێت یان ھەست بە کەمتر بکات. بەڵام کێشە گەورەکە لەوەدایە لە سایەی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەدا، دابینکردنی ئەم پۆشاکانە بووەتە بارگرانییەکی زۆر قورس و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوام لەسەر شانی خێزانەکان. دابینکردنی جلوبەرگ، جانتا و پێداویستیی خوێندن بۆ بەخێوکەرێک کە دوو تا سێ قوتابی یان زیاتری ھەیە، لە سایەی ئابووریی بازاڕی ئازاد و نەبوونی پاڵپشتیدا، بووەتە بارێکی کەمەرشکێن لەسەر پشتی خێزانی کورد.
ئەم بارگرانییە پرسیارێکی بنەڕەتی و جدی دەورووژێنێت کە ئایا حکومەت ناتوانێت ئاوڕێک لە سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی پێش ڕاپەڕین بداتەوە؟ لەو سەردەمەدا بە کاراکردنی چەند بنەمایەکی ئابووریی ھاوچەرخ، ھەم بژێویی خێزانەکان دەپارێزرا و ھەم ژینگەی شارەکانیش لە پیسبوون بەدوور دەبوون. بۆ نموونە بە دامەزراندنی کارگەی نیشتمانیی پۆشاک یان بەگەڕخستنەوەی سیستەمی کارگەکانی دروومانی ناوخۆیی (ئەلبیسە)، دەیان ھەزار دەرفەتی کار بۆ خانمان و بێکاران دەڕەخسێنرا و لە ھەمان کاتدا پۆشاکی قوتابخانەکان بە نرخێکی زۆر ھەرزان و ڕەمزی دەخرایە بەردەست بنەماڵەکان. لەلایەکی ترەوە بە داڕشتنەوەی سیستەمی ھاتووچۆی گشتی و گەڕاندنەوەی پاسی تایبەت بۆ فەرمانبەران و کاراکردنەوەی (پاسی مەسڵەحە) بۆ ھاووڵاتییان و قوتابییان، نەک ھەر خەرجیی ڕۆژانەی سووتەمەنی و کرێ لەسەر شانی خێزانەکان کەم دەبووەوە، بەڵکو قەرەباڵغیی شەقامەکان ڕێکدەخرا، دووکەڵ و ژەھراویبوونی ئاسمانی شارەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبۆوە و پارێزگاری لە ژینگە دەکرا. جگە لەوەش بە دروستکردنی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی (ئەسواقی مەرکەزییەوە)، پێداویستیی ناوماڵ بە نرخی کارگە بە ڕاستەوخۆ دەدرا بە مووچەخۆران بە بڕینێکی زۆر ڕەمزی لە مووچەکانیان تا ڕێگە لە ھەڵئاوسانی دارایی و قۆرخکاریی بازاڕ بگیرێت.
سەرەنجامی ھەموو ئەو ڕێکارانە ئەوە بوو کە منداڵی ماڵە دەوڵەمەند و کەمدرامەت بە ھەمان پۆشاک و بە ھەمان پاسی مەسڵەحە دەچوونە قوتابخانە، کە ئەمەش ڕێگری لە دروستبوونی گرێی دەروونی دەکرد و جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا دەسڕییەوە. ئەمڕۆ کاتی ئەوە ھاتووە کابینەی حکومەت لەبری دەرکردنی ، بڕیارێک بەبێ پاڵپشتیی دارایی، ئاوڕ لەم پێشنیارە بنەڕەتییانە بداتەوە، تاوەکو وەرزی نوێی خوێندن لەبری ئەوەی مۆتەکەی ئابووری بێت، ببێتە وەرزی ئومێد و خۆشحاڵی بۆ قوتابییان و دایک و باوکان.
ئەمە پەیامێکی کراوەی منە وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانێک بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆ سەرپەرشتیکردن و دیاریکردنی پۆشاکی خوێندکاران بە ڕەچاوکردنی باری دارایی خێزانەکان، بۆ وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی بۆ بەگەڕخستنەوەی کارگەکانی دروومانی ناوخۆیی و بازاڕە ناوەندییەکان، بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ دابینکردنی تۆڕی گواستنەوەی گشتی بۆ فەرمانبەران و قوتابییان، بۆ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی گواستنەوەی گشتی بە مەبەستی کەمکردنەوەی دووکەڵ و قەرەباڵغی، و بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ ڕێکخستنی پاڵپشتییە داراییەکان و پاراستنی بژێویی خێزانە کەم دەرامەتەکان. ئەم داوایە تەنھا خستنەڕووی کێشەیەک نیە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنە لەبەرامبەر ئازارەکانی ھاووڵاتییاندا، وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانێک ھیوادارم ئەم پەیامەم بگاتە شوێنی خۆی و بەدەنگەوەھاتن و وەڵامێکی کرداریی لەسەر زەمینی واقیع ھەبێت، تا دەسەڵاتداران بە دڵێکی فراوانەوە گوێ لەم پێشنیارانە بگرن و بارگرانیی لەسەر شانی خێزانەکان سووک ببن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ئێستا یه‌كێتی پاره‌ له‌ سلێمانیدا خه‌رج ده‌كات، ئه‌وسا پاره‌ی تێدا سپی ده‌كرایه‌وه‌
ۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ناردوه له‌ ئه‌گه‌ری هێرشكردنه‌ سه‌ری وه‌ڵامی توندی ده‌بێت
لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کڵێسایەک لە باشووری ئوردن 6 کەس کوژران و 28ی دیکەش برینداربوون
ته‌ندروستی هه‌رێم كڕین و فرۆشتن به‌ جۆره‌ ده‌رزییه‌ك راده‌گرێت و له‌ بازاڕ ده‌یكشێنێته‌وه‌
لە پەراوێزخستنەوە بۆ ناوەندی بڕیار؛ چۆن دەنگدەرە گەنجەکان هاوکێشەی هەڵبژاردنی ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دەگۆڕن؟
پۆلیس: هه‌وڵێكی كوشتن له‌به‌رده‌م بینای دادگای به‌رایی هه‌ولێر پوچه‌ڵكرایه‌وه‌
سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو بڕیاری گرنگ لەبارەی گروپە چەکدارەکان و نرخی دۆلارەوە ئاشکرا دەکات
​تۆم باراک: ترەمپ خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئێران لە شەممە یان یەکشەممەدا چاوەڕوانکراوە
"داهاتی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی سلێمانی به‌ڕێژه‌ی 29% كه‌میكردوه‌"
وەزارەتی دارایی کاتی دەستپێکردنی پێدانی پێشینەکانی بانکی ڕافیدەینی لە ڕێگەی "سوپەر کی"یەوە دیاری کرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×