ئازادیی ڕەها و پێوەری ڕەسەنایەتی
سەرەتا، دەمەوێ بە زمانێکی بێ پێچوپەنا و ڕاستەوخۆ، لە بری خستنەڕووی چەمکە ئەکادیمییە وشکەکان، بە هەست و بەرپرسیارێتییەوە لە مانای ڕاستەقینەی ئازادی و ڕەسەنایەتی بکۆڵینەوە. لە ڕوانگەی منەوە، مرۆڤ تا ئەو کاتە ئازادە و ئازادیی تەواوی هەیە کە هیچ ترسێک، هیچ شتێک و هیچ کەسێک کۆنتڕۆڵی ناکات.
هەڵبەت من دادوەری کەس نیم، بەڵام پێوەری ڕەسەنایەتی و ڕەوشتی مرۆڤ ئەوەیە کە هەر شتێک کۆنتڕۆڵی بکات، بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆیلەی ئەو شتەیە؛ چونکە کۆنتڕۆڵبوون ڕەسەنایەتیی ناخ تێکدەشکێنێت. بە واتایەکی تر، ئەگەر ئارەزووی دەسەڵات، سەروەت، فیکر و بیرۆکە، یاخود ڕەنگە هۆگربوون بێت بۆ مرۆڤێکی تر تۆ کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەوا بزانە تۆ کۆیلەی چاوچنۆکیی ئارەزووەکانی خۆتیت. لێرەدایە کە کۆنتڕۆڵ لە جوگرافیای سیستەمێکی ڕەقی دەرەکییەوە دەچێتە ناخی مرۆڤ، تێکەڵ دەبێت بە عەقڵ، فکر و ئارەزووەکانی، و لەوێوە جێگەی خۆی دەکاتەوە و ئاراستەی دەکات.
لە زنجیری فیزیکییەوە بۆ کۆیلایەتیی ناوەکی و ویستراو
مرۆڤ لە کۆنەوە لە ڕێی ناچارکردنی فیزیکییەوە بە کۆیلە دەکرا؛ تا گەیشتە سەردەمی مۆدێرنە و کۆیلایەتیی نوێ. مرۆڤی ئێستا لە ڕووی فکر، پێدانی تەماح، سەرقاڵکردن، ناچارکردن بە پێداویستیی زۆر و وروژاندنی ئارەزووەکانی خودی خۆی، وا لێ دەکرێت بە خواستی خۆی کۆیلایەتی هەڵبژێرێت؛ ئەو هەڵبژاردنەشی چ بە ئاگاییەوە بێت چ لە نائاگاییەوە. ئەم پرۆسەیە لە ناوەوە کاری خۆی دەکات: کاتێک تەماح و پێداویستی و ئارەزوو دەوروژێندرێن، مرۆڤ خۆی بەدەستەوە دەدات و وا دەزانێت خۆی هەڵیبژاردووە، لە کاتێکدا لە ژێر ناچاری و ڕکێفیدایە. ئەمە لە جارانەوە گواستراوەتەوە بۆ ئێستا، بەڵام بە شێوەیەکی ناوەکی، شاراوەتر و فێڵبازانەتر. بە ڕای من، ئەمە شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی؛ لە ڕاستیدا باشتر بوو بۆ مرۆڤ بە کۆت و زنجیری فیزیکیی جارانەوە بمابایەوە، نەک بە خواستی خۆی ڕێگەی کۆیلایەتی بگرێتەبەر، لەبەر ئەوەی کۆتی فیزیکی دیارە و مرۆڤ لە ناخەوە لێی یاخی دەبێت، بەڵام هەڵبژاردنی کۆیلایەتی بە ویست یان تەسلیمبوونی پێی، دەستبەرداربوونی خودە لە ئازادیی خۆی.
ئایا کەس لە دەرەوەی بازنەی کۆنتڕۆڵدا هەیە؟
لێرەدا پرسیارە گرنگەکەمان ئەوەیە: ئایا ئازادیی ڕەها بوونی هەیە و هیچ مرۆڤێک لە کۆیلایەتی بەدەرە؟ بە بۆچوونی من وەڵامەکە نەخێرە؛ مادام کەس لە دەرەوەی بازنەی کۆنتڕۆڵدا نییە. بە دیوێکی تردا، تەنانەت دەسەڵاتدارترین و دەوڵەمەندترین مرۆڤەکانی جیهانیش ئەمڕۆ کۆیلەی سیستەمێکن کە لە بازنەی سەرقاڵی کێبڕکێی دەوڵەمەندبوونی زیاتر و خەونی کۆنتڕۆڵی زیاتردا دەیانجوڵێنێت و تێیدا دەخولێنەوە؛ هەر لێرەدایە کە هیچ بوارێک بۆ ئەو مرۆڤە نامێنێتەوە بۆ بیرکردنەوە لە ڕەسەنایەتیی خۆی، پرەنسیپەکانی ویژدان و مرۆڤایەتی؛ بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها بیرکردنەوەیەتی لەوەی چۆن قازانجی زیاتر بکات، لەم جۆرە کێبڕکێیەشدا قازانجی مادی لەسەر حیسابی مرۆڤایەتی دەبێتە ئامانج و ویژدان تیرۆر دەکرێت.
هەرچی بێدەسەڵات و هەژارەکانن کە تەنها وەک بەکاربەر سەیر دەکرێن؛ ناچار بە پێداویستیی زۆر دەکرێن و لەو ڕێیەوە دەستەمۆ کراون، و زۆر جار وروژاندنی ئارەزووی بەدەستهێنان وایان لێ دەکات ڕێبازی کۆیلایەتی هەڵبژێرن، چونکە پێیان وایە تاکە ڕێگە یان ئاسانترین ڕێگەیە بۆ دەوڵەمەندبوون یان ڕێگەیەک بۆ بژێوی. لێرەدا دەبینین چۆن سیستەم و پەیوەندییەکانی هێز لەگەڵ ناخی مرۆڤدا تێکەڵ دەبن بۆ ئەوەی هیچ کەس بە سەربەخۆیی تەواو نەمێنێتەوە.
چاوچنۆکی و کۆیلایەتیی ویستراوی خاوەن سەروەت و دەسەڵات
مرۆڤ دەکرێت دەوڵەمەندێکی زۆر مەزن بێت لە ڕووی سەروەتەوە، بەڵام کاتێک لەپێناو پارە و گەورەییەکەیدا فێڵ دەکات و بێباکە لە ئاستی ڕەوشی گوزەرانی ئەوانی تر، و تەنها شتێک کە بە خەیاڵیدا دێت ئەوەیە: 'چۆن قازانجی زیاتر بکەم؟' ئەوە وای لێ دەکات ببێتە کۆیلەی پارە و چاوچنۆکییەکانی خۆی؛ چونکە هیچ کات دەوڵەمەندی و دەسەڵات بە مانای ڕزگاربوون لە دیلیی ناخ نایەن.
هەروەها دەکرێت دەسەڵاتدارێکی مەزن بێت، بەڵام کۆیلە بێت؛ کاتێک ئەوانی تر لەژێر دەسەڵاتدارێتیی ئەودا دەکوژرێن و دەچەوسێنرێنەوە، کاتێک پاراستنی کورسی و دەسەڵاتەکەی لەپێشینەیە و جیاوازیی چینایەتی دروست دەکات، لەپێناو بەرژەوەندیی خۆی گرووپێک بەسەر گرووپێکی تر یان گەلێک بەسەر گەلێکی تردا فەرز دەکات، و دەسەڵات و یاساکان دەخاتە خزمەتی خۆی، خێزانەکەی یان لایەنگرانی... هتد. بە هەمان شێوە ئەمەش کۆیلەی چاوچنۆکیی خۆیەتی؛ پێم وایە ئەمە مەترسیدارترین و بێڕەوشتترین جۆری کۆیلەیە کە بە خواستی خۆی بووە بەو جۆرە، لەبەر ئەوەی کۆیلایەتیی ویستراوی خاوەن هێز، بەردەوام ژیان، ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی خەڵک دەخاتە ژێر پێ.
هەژار لە نێوان بژێوی، ترس و دەستەمۆکردندا
هەرچەندە جیاوازی زۆرە لە نێوان کۆیلایەتیی ئارەزووەکانی خود و ناچارکردن بە کۆیلایەتی، بەڵام لە پێناسەی کۆیلایەتیدا، بە هەمان شێوە هەژارەکانیش لە کۆیلایەتی بەدەر نین.
بە واتایەکی تر، ئەوان دەکرێنە قوربانیی کۆنتڕۆڵی چینی دەوڵەمەند و دەسەڵاتداران؛ بە دروستکردنی دۆخێک بۆیان کە لە نێوان تەماحی بڕێک پارە یان یارمەتی و ترسی برسیبوون، لەدەستدانی کار و سەرپەنادا ڕادەکێشرێن و ناچار دەکرێن بەوەی کە: "ئەگەر من نەبم ناژیت، نانت نابێت بیخۆیت، منداڵەکەت ناتوانێت بخوێنێت و داهاتووی نابێت، و من ژیانی ڕۆژانەت بۆ دابین دەکەم؛ تۆش دەبێت پەسنم بدەیت، کارم بۆ بکەیت و خزمەتم بکەیت هەر بەو ڕێگەیەی کە من دیاری دەکەم، تەنانەت ئەگەر ڕێگە و ڕێبازێکی خراپ یان تاوانکاریش بێت، بێدەنگ بە و هەڵبژاردەی خۆتت نییە؛ سەرقاڵی کاروباری ڕۆژانەی نانپەیداکردنی خۆت بە و بیر لە هیچ شتێکی تر مەکەرەوە لە دەرەوەی ئەوەی من بۆم داناویت." ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە زۆر جار ڕەفتاری هەژارەکان هەڵبژاردنی ئازادی خۆیان نییە، بەڵکو دەرئەنجامی فشار و دەستەمۆکردنی بژێوییە و بەرئەنجامی ئەو دۆخەیە کە چینێکی باڵاتر بۆیانی دروست کردووە.
جیاوازیی کۆیلەی خاوەن هێز و هەژار لە چیدایە؟
لێرەدا تاکە شتێک کە جیاوازە لە نێوان هەژار و دەوڵەمەند، بێدەسەڵات و دەسەڵاتدار ئەوەیە کە دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەکان، بەهۆی پارە و دەسەڵاتەکەیانەوە، ڕەنگە تەنها چێژێکی بێڕەوشتانەی زیاتریان لەناو بازنەی کۆیلەییدا هەبێت. لە بەرامبەردا هەژارەکان چێژ لە کۆیلایەتی نابینن؛ چونکە ئەوان لە بازنەیەکی بەکۆیلەکراودا بە خزمەتی چینێکی باڵاترەوە سەرقاڵ کراون و لەم سەردەمەدا، هەموو ڕۆژێک دەمرن بۆ نانێک، بۆ خەونێک کە ئەستەمە بێتە دی لە ناو سیستەمێکدا کە هەرگیز نایەوێت لەژێر کۆنتڕۆڵی دەربچن و ئازاد ببن.
بینینی ئەو ڕاستییە و سەرەتای هۆشیاری مرۆڤ
لە کۆتاییدا، ئەوەی پێویستە مرۆڤ ئەنجامی بدات ئەوەیە کە بە هێمنی بەخۆیدا بچێتەوە و بەبێ خۆهەڵخەڵەتاندن بپرسێت: ئایا بەڕاستی ئازادە، یان تەنها دیلی ترس، هۆگربوون، ئارەزووەکانی خۆی و سیستەمێکە کە ناوی ناوە ژیان و پێشکەوتن؟ زۆر جار ئازادی وەک شتێکی ئامادە دەبینین، لە کاتێکدا لە ناوەوە بە دەستی خۆمان یان بە ناچاری بڕێک لە خۆمانمان بەخشیوە بە کۆنتڕۆڵێک.
داننان بەوەی هیچ کەس بە تەواوی لە دەرەوەی کۆیلایەتی و کۆنتڕۆڵدا نییە، نەک بێهیوایی نییە، بەڵکو سەرەتای هۆشیاریی مرۆڤە؛ چونکە تا ئەو کاتەی مرۆڤ وا بزانێت تەواو ئازادە و هیچ شتێک نایبەستێتەوە، ئەو کاتە لە هەموو کاتێک زیاتر لەژێر دەستی ئارەزوو و سیستەمدایە بێ ئەوەی هەستی پێ بکات. بینینی برین و زنجیرە شاراوەکان یەکەم هەنگاوە بەرەو ئەوەی مرۆڤ بزانێت لە کوێدا دەستەمۆ کراوە و لە کوێدا دەتوانێت خۆی بپارێزێت.
پێویستە مرۆڤ زیاتر وردبێتەوە و بگەڕێت، نەک بۆ ئەوەی بەبێمانا حوکمی ئەوانی تر بدات، بەڵکو بۆ ئەوەی پێوەرێکی ڕەوشتی و ڕەسەن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ناخی خۆی بگرێتەبەر؛ پێوەرێک کە وا بکات لە نێوان تەماح و ترس، لە نێوان هێز و بێدەسەڵاتیدا، مرۆڤبوون و کەرامەتی خۆی نەفرۆشێت و بزانێت کەی و لە کوێدا دەبێت بڵێت: "ئەمە منم، و ئەم سنوورە موڵکی کۆنتڕۆڵی کەس نییە."