٢٤١ ساڵ لەمەوبەر سلێمانی کە دامەزرا بنەمای شار تێدا بەدی کرا ، ھەموو لایەنە ژینگەییەکەی حسابی بۆ کرا بوو، زەوی کشتوکاڵی، جوگرافیا و پلانی ئاو و ئاوەڕۆ، سەوزایی، خانوو و باخ و مەتەریالی بینا کردن، ڕێگاوبان، کلتوور شوێنی بۆنەکان، شوێنە پیرۆزەکان، گۆڕستان، نەخۆشخانەو حوجرە و خوێندگاکان، سەنتەری ئیدارەی شار و جێگەی کۆڕبەندە سیاسییەکانیش، گەڕەک و سنووری نیشتەجێبوون و بازرگانیش، جوڵەو چالاکی تێدا بەدی دەکرا، شوێنی پیشەوەران و تەنانەت خانی ئاژەڵەکانیش.
ئۆردوگا شوێنێکی ئیمێرجنسیە کە لە ڕوداوێکی نەخوازراوی وەک کارەساتی سروشتی و ڕوداوی خوازراوی وەک جەنگ و دەستدرێژی و داگیرکاری دروستدەبێت و دادەمەزرێت، شوێنەکە لایەنی دەستەڵات بۆت ھەڵدەبژێرێت، سنوورەکانی تەلبەند دەکرێت، مەتریالەکانی دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبون سادە و کاتییە، ڕێگاکانی تەسک و خنراون، ئاو و ئاوەڕۆ کێشەی سەرەکی دەبێت، سەوازیی تێدا بەدی ناکرێت، نەخۆشی زوو بڵاو دەبێتەوە، شوێن و فەزای تایبەتی نییە، ھەمووی دەبێتە فەزای گشتی، بەلام ئەم فەزاییە کەس ناتوانێت بڕیاری تێدا بدات جگە لە سەردەستەی ئۆردوگا نەبێت، خزمەتگوزاری تەندروستی فەراھەم نابێت، خوێندن لاواز دەبێت و ھیچ بەھایەکی تێدا نابێت. ھاتوو چۆ تێدا سنووردارە، شوێنە تایبەتەکان کەس بۆیان نییە نزیک بکەونەوە. ھەمیشە تاک مافی ھاوڵاتی بوونی نییە تێدا، تاکی لاوازی کۆمەڵگا دەبنە قوربانی ڕاستەوخۆو دووچاری زەبرەکان دەبنەوە، منداڵ و ژنان و پیر و لاوەزاکان دەبنە سووتەمەنی. جوڵە و چالاکی تێدا ئەستەم دەبێت، بێکاری زیاد دەبێت، ئاسایش و سەلامەتی زۆر بەرتەسک دەبێتەوە. کەسیش ناتوانێت بە ئازادی ڕای خۆی بەیان بکات، ترس باڵدەکێشێت، ترسی پێداویستی سەرەتاییەکان، ترسی بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری و پاشەرۆژ، دید و ئاسۆی بینین تەڵخ دەبێت، خەڵک تێدا پاسیف و ناکارا دەبێت، بێ ھیوایی دەبێتە پەتا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆر دەبن، یاسا گشتییەکان دەبنە یاسای ئۆردوگا، سەردەستەی ئۆردوگا چەند کەسێک دەکەنە نوێنەر و ودەبنە یاساوڵ و پارێزەری ئەو زێدە.
ئێستا لە ئەم دو وێنەیە، کامەیان زۆر لە سلێمانی دەچێت؟