کاتێک ژینگە لەبەردەم لەناوچوون و ئیکۆلۆژیا لەبەردەم تێکچووندا دەبێت، ئەوا دەبێت بزانین کە خوێندەواران و(بەناو ڕۆشنبیران)، بەهۆی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانەوە، بوونەتە بەشێک لە بەرەی نادادپەروەری. ئەوان بە دروشمی بەرگری لە ژینگە و ئیکۆلۆژیا، بەرگرییەکی فێڵبازانە و فەیک دروست دەکەن، لە کاتێکدا کردەوەکانیان خزمەتی بەرژەوەندیی کۆمپانیاکان، دەسەڵاتداران و هێزە پاوانخوازەکان دەکات.
لەو بارودۆخەدا، دەزگا پەکخراوەکان و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان دەبنە کەرەسەیەک بۆ نەرسیسیزمی تاکەکەسی و دامەزراوەیی، کەرەسەیەک بۆ جوانکردنی وێنەی خۆیان، بەرهەمهێنانی پرستیژ و نیشاندانی خۆیان وەک پارێزەری ژینگە و کۆمەڵگاکان.
ژینگە و ئیکۆلۆژیا شانۆیەک نییە بۆ نمایشکردنی خود و دروستکردنی ململانێی لابەلا، ژینگە و ئیکۆلۆژیا نابێت ببێت بە کەرەسەیەک بۆ بەدەستهێنانی پرستیژ و پەردەی بۆ شاردنەوەی نادادپەروەریەکان کە لە ئێستادا بە روونی دەیان بینین.
بەرگریی ڕاستەقینە لە ژینگە، پێویستی بە ڕەخنەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیشەیی لەگەڵ ئەو سیستەمە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانە هەیە کە سروشت دەکەنە کاڵایەک بۆ قازانجی بێسنووری، سەرچاوە سروشتییەکان دەخەنە ژێر دەستی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و مافی گشتی و مافی نەوەکانی داهاتوو قوربانیی بەرژەوەندیی کورتخایەنی دەسەڵات و سەرمایەگوزاری دەکەن. لەبەر ئەوە، بەرگری لە ژینگە لە بنەڕەتدا بەرگرییە لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافی خەڵک بۆ ژینگەیەکی تەندروست و ئازادیی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی سروشت و شاخ و ئاو و خاک.
ڕۆشنبیریی ڕاستەقینە بە دروشم و وێنە و نمایش ناسرێتەوە، بەڵکو بەوە دەناسرێتەوە کە لە کوێ و لەگەڵ کێ ڕاوەستاوە و لە دژی چ جۆرە نادادپەروەرییەک بەرەنگاری دەکات. ڕۆشنبیری تەنها بەرهەمهێنانی بیرۆکە و دروشم نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە لە بەرامبەر دەسەڵات، نادادپەروەری و بێدەنگی. ژینگە پێویستی بە بەرگرییەکی ڕاستەقینە هەیە، نە بە بەرگرییەکی فەیک کە لە خزمەتی دەسەڵات، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و نەرسیسیزمی تاکەکەسی و دامەزراوەییدا بێت. ئەو بەرگرییەی کە ژینگە دەکاتە کەرەستەیەک بۆ جوانکردنی وێنەی تاک و دامەزراوە، لە ڕاستیدا لە مانا و ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی دوور کەوتووەتەوە
لەم بارودۆخەی کە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی سلێمانی پیا تێپەڕ دەبێت تەنها سوودمەند لە نارسیسیەتی رۆشنبیر و نوسەران، دەستەلاتدارانی شارەکەن، چونکە ئەمانە پانتاییەکیان دروستکردووە کە (ڕۆشنبیر) و نوسەران ببنە کەرەسەیەک بۆ پاوانخوازی و تێکدانی سروشت و داگیرکاری ناوچە پارێزراوەکان و فەزاو ڕاومی شار و کلتوورەکەی، هەر ئەم ڕۆشنبیرانە بونەتە سوپەرو قەڵغانی پاساو بۆ ئەم داگیرکارییەی کە شاری سلێمانی تیادا پەرت پەرت کردووە.