داگیرکاریی شوێن ھەرگیز کلتوور دروست ناکا، بەڵکو تەنھا وێرانەی مێژوویی و زەوتکردنی مافی ھاووڵاتبوون بەرھەم دەھێنێت. دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە وەک کرمی ناو دار، دەستی کردووە بە خواردنی ڕەگ و ڕیشەی شار، کلۆرکردنی پانتاییە گشتییەکان و بەتاڵکردنەوەیان لە ھەموو مانایەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی.
پانتاییەکانی شار، چ سروشتی بن و چ کلتووری، تەنھا پارچە زەوی یاخود بینای بێگۆڕ نین، بەڵکو بەشێکن لە ناسنامە، زیندوویی و یادەوەرییە کۆمەڵایەتییەکەی کۆمەڵگە. بەڵام ئەمڕۆ شارەکە ھەنگاو بە ھەنگاو پانتاییەکانی لە دەست دەدات، یادەوەرییەکانی وردەوردە دەسڕدرێنەوە و شوێنەکان بە ناوی "پەرەپێدان" یان "وەبەرھێنان"ـەوە دەبنە قوربانیی بەرژەوەندیی تەنگتەژی حزبی و سەرمایەی نەڕۆشن.
کارگەی جگەرەی سلێمانی، لە مێژووی کرێکارانەوە تا خنکاندنی ئیرادەی گەنجان
کارگەی جگەرەی سلێمانی تەنھا شوێنێکی بەرھەمھێنان نەبوو؛ بەشێکی گرنگی مێژوو و یادەوەریی کۆمەڵایەتیی ئەم شارە بوو. لە دەیەکانی حەفتا و ھەشتاکاندا، ھەزاران ژن و پیاو لەوێ کاریان دەکرد، تێکۆشان و ژیانیان بەو شوێنەوە گرێدرا بوو، بووە سەدەمێک بۆ دروستبوونی ھۆشیاریی چینی کرێکار و پەیوەندییە خەباتگێڕییەکانی شار.
دوای ساڵی ٢٠٠٠، کاتێک کارگەکە لە کارکەوت، ئەم شوێنە ھێواش ھێواش بوو بە پانتاییەکی مەزن و کراوە بۆ گەنجان؛ شوێنێک کە بە خۆڕسکی چاڵاکیی ھونەری، ئەدەبی و کلتووریی تێدا ئەنجام دەدرا. گەنجان توانییان بەبێ ھیچ پشتگیرییەکی فەرمی، مۆرک و ناسنامەیەکی کلتووریی تایبەت بە خۆیان لەوێدا بخوڵقێنن. کلتوورێک کە لە دەسەڵاتەوە نەھاتبوو، بەڵکو لە ئیرادە، داھێنان و جیھانبینیی سەربەخۆی گەنجانەوە سەری ھەڵدابوو، بووە لانکەی زیندووێتیی شار.
بەداخەوە، ئێستا دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی تایبەتەوە دەست بەسەر ئەم پانتاییەدا بگرێت و کۆنترۆڵی بکات. ئەمە تەنھا گۆڕینی بەکارھێنانی شوێنێک یان پرۆژەیەکی بازرگانی نییە؛ بەڵکو پرسیارێکی گەورەتر لەبارەی "مافی شار" و مافی خەڵکە بۆ بەشداریی ڕاستەقینە لە چارەنووسی پانتاییە گشتییەکانی شاردا.
کلتووری نەرم بە زەبری ھێز و بڕیاری ژووری تاریک دروست نابێت
کلتووری نەرم، داھێنانی سەربەخۆ و ئازادیی فیکری، بە ستوونی دەسەڵات، بە گرتن و داگیرکردنی پانتاییەکان و بە فەرمان لە سەرەوە دروست نابێت. کلتوور دەبێت لە ناو خەڵکەوە، لەژێر سێبەری ئازادی و لەسەر بنەمای جیھانبینی و ئیرادەی کراوەی گەنجان گەشە بکات.
کاتێک پانتاییەکانی شار بە ئارەزووی دەسەڵات و بەرپرسان کۆنترۆڵ دەکرێن و کلتوور لە سەرەوەوە بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێندرێت، ئەوا «کلتووری نەرم» شێواو دەبێت، دەبێتە پاشکۆی دەسەڵات و شار وردەوردە ناسنامە، ڕەسەنایەتی و یادەوەرییە زیندووەکانی لە دەست دەدات. دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە تەنھا گۆڕینی ڕووکەشی شار نییە، بەڵکو کوشتنی ڕۆحی داھێنانە لە نێو نەوەی نوێدا.
ئاکام و دەرئەنجامە تاڵەکانی ئەم دەستبەسەرداگرتنە:
• شارێک کە یادەوەرییەکانی دەفرۆشرێن و دەکرێن بە مولکی تایبەتی دەسەڵات: کاتێک شوێنە مێژووییەکان و پانتاییە گشتییەکان دەکرێنە قوربانیی قازانجی خێرا، شار لە ماڵێکەوە بۆ ھاووڵاتییان دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەگەلێکی بازرگانی کە تێیدا مرۆڤەکان تەنھا وەک بەکاربەر سەیر دەکرێن، نەک خاوەنی ڕەسەنی شارەکە.
• لە کارگەی جگەرەوە بۆ داگیرکردنی کلتوور: ئەم قۆناغە ھەنگاو بە ھەنگاو دەستی پێکردووە؛ لە بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی پیشەسازی و مێژووییەکەیەوە، تا دەگاتە دەستدرێژیکردنە سەر پانتاییە ھێمن و کلتوورییەکانی گەنجان، و دواجار بە داگیرکارییەکی ڕەھای بازرگانی کۆتایی دێت.
• بەرژەوەندیی تەسک و کوشتنی خەونی نەوەیەک: کاتێک دەسەڵات پانتایی لە کلتوور دەگرێتەوە، ئەبێت خەونەکانی لە سەرمایە و خڕکردنەوەی پارەدا کۆتایی بێت. دەرئەنجامەکانی ئەمە تەنھا شێواندنی کلتووری نەرم نییە، بەڵکو بێئومێدکردن و لەناوبردنی خەون و داھاتووی نەوەیەکە کە دەیویست لەو شارەدا بە ئازادی بژیت.
• لە یادەوەریی کرێکارانەوە بۆ پانتاییی گەنجان و دواجار بۆ گیرفانی بەرپرسان: ئەمە ئەو ئاراستە تاڵەیە کە شار پێیدا تێدەپەڕێت، مێژوویەکی پڕ لە خەبات و ئارەقەی نەیارەکان دەکرێتە قوربانیی مشتێک سەرمایەی حزبی کە قازانجەکەی بۆ کەمینەیەکی دەسەڵاتدار و زیانەکەی بۆ تەواوی کۆمەڵگەیە.
شار تەنھا بە وێرانکردنی بیناکان و داگیرکاریی پانتاییە سروشتیەکانی نامرێت، شار کاتێک دەمرێت کە خەڵکەکەی، بەتایبەت گەنجان، مافی ژیانکردن، بیرکردنەوە و دروستکردنی کلتووریان لە پانتاییەکانی خۆیاندا لێ بستێندرێتەوە و چیتر شار بە ماڵی خۆیان نەزانن.