خێری لای خۆمان سەفەر بۆ ئەفریقا دەکات!

سەمیرە عەلی
  2026-05-30     238

لۆژیکی عەقڵ و بنەماکانی مرۆڤایەتی پێمان دەڵێن کە چارەسەرکردنی تەنگشەی دارایی و مرۆیی لە ناوخۆدا، لە پێشترە لە ھەر ھانایەک بۆ دەرەوەی سنوورەکان. لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست دەیان قەیرانی ئابووری, بێکاری، کێشەی کرێنشینان و نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ سەرجەم چینەکان (بەتایبەت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان) دەناڵێنێت، سەیرە کە بەشێک لە سامان و سەرمایەی ئەم وڵاتە بە ناوی کاری خێرخوازییەوە ڕەوانەی کیشوەر و وڵاتانی تر دەکرێت.
 ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ چەمکی چاکەکاری، غەدرێکی گەورەیە لە خەڵکی لێقەوماوی خۆمان.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە جیھانی ئەمڕۆدا دەوڵەتانی زلھێزی ئابووری، ئیمپراتۆریای خاوەن سەرمایە و تەنانەت وڵاتانی دەوڵەمەندی ئیسلامیش ھەن کە خاوەنی بودجەی خەیاڵین، کەچی پێشینەی کارەکانیان تەنھا پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ھاووڵاتیانی خۆیانە. ئێمەی کورد کە خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆ و دەوڵەت نین و لەناو دەریایەک لە گرفتی سیاسی و ئابووریدا دەژین، بە چ پێوەرێک خێری ناوخۆ بە ڕەوا دەبینین بۆ دەرەوە؟
 تەنانەت لە ڕوانگەی شەریعەت و یاسای فیقھی ئیسلامییەوە، ئەگەر دەوڵەتێکی ڕاستەقینەی ئیسلامی ھەبووایە، بە توندی ڕێگری لە چوونە دەرەوەی ھەر جۆرە ھاوکاری و سەدەقەیەک دەکرد تا ئەو کاتەی تاکی ناوخۆ بە تەواوی تێر و بێ نیاز دەبوو. چونکە لە ڕووی شەرعییەوە، دابینکردنی پێداویستیی خزم و ھاوسێ و ھاونیشتمانیان لەسەرجەم کارە خێرخوازییەکانی دەرەوەی سنوور پێشتر و فەرزترە، و گواستنەوەی زەکات و سەدەقە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لە کاتی بوونی پێویستیدا، غەدرە لە لۆژیکی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ئیسلام.
ھاوشانی ئەم ناڕوونییە لە فەلسەفەی بەخشیندا، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە ڕووی کارگێڕی و حوکمڕانییەوە، پێویست بوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن پەیڕەوکار و پارێزەری یەکەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دارایی ھاووڵاتیانی خۆی بێت، نەک لە ئاست چالاکیی ئەم تاقم و گرووپانەدا بێدەنگی یان کەنارگیری ھەڵبژێرێت. نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی توند و تۆکمە و نەگرتنەبەری ھەڵوێستێکی ڕێکخەرانەی جدی لە بەرامبەر ئەو کارەکتەر و تاقمانەی کە سەرمایەی نیشتمانی لە ناوخۆوە بەرەو دەرەوە ڕادەکێشن، نیشانەی جۆرێک لە کەمتەرخەمیی دامەزراوەییە لە ئاست ماف و پێداویستییەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێم. لایەنە فەرمییەکان دەبوو بە گرتنەبەری سیاسەتی گونجاو و دیپلۆماسی، ڕێگری لەم پەرتەوازەییەی دارایی ناوخۆ بکەن و کار بۆ ئاڕاستەکردنەوەی ئەم توانایانە بەرەو پڕکردنەوەی کەلێنە ئابوورییەکانی ناوخۆی وڵات بکەن.
ئێمە چۆن دەتوانین چاو لە ئاستی واقیعی تاڵی خۆمان دابخەین؟ لە کاتێکدا نەخۆشخانە گشتییەکانی کوردستان بەدەست  نەبوونی سەرەتاییترین دەرمانی شێرپەنجە و تالاسیمیاوە دەناڵێنن، و ڕۆژانە گەنجانی بێکار و بێدەرتان بۆ تیکەیەک نان یان ڕوودەکەنە غەریبی یان تووشی نائومێدی دەبن؛ چ عەقڵێک قبووڵی دەکات پارەی ئەم خەڵکە لێقەوماوە بچێتە شوێنێکی تر؟ نیشتمانێک خۆی بریندار بێت، ناونیشانی خێرەکەی تەنھا و تەنھا ناوخۆیە.
ئەم جۆرە بەخشینە دوورە پەرێزە لە فەلسەفەی ڕاستەقینەی ئایین و مرۆیی. خودای گەورە پێویستی بە ژمارەی زۆری قوربانی و ئاژەڵ نییە کە لە شوێنە ھەرزانەکان بە ئامانجی "کڕینی بەھەشت بە نرخی کەمتر" دەکرێن، بەڵکو خودا لە دوای نواندنی ڕەحمەت و دڵسۆزییە بۆ دەوروبەرەکەت. ناکرێت چاو لە ئازاری دراوسێ و ھاوشارییەکەت دابخەیت و ھاوکاری بۆ ناوچەیەکی دوورەدەست بنێریت. پێویستە تێڕوانینی خۆمان بۆ خێرخوازی ڕاست بکەینەوە؛ نیشتمانی ئێمە خۆی لەسەر ھێڵی ھەژاری وەستاوە، بۆیە ئەرکی نیشتمانی، ئەخلاقی و ئاینییە کە سەرەتا دەستی لێقەوماوانی ناوخۆ بگرین پێش ئەوەی چاو ببڕینە شوێنانی تر.
بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێڕەوە چەوتە و گۆڕینی ئەم واقیعە تاڵە، پێویستە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و بەخشەران ستراتیژی کۆمەکەکانیان بگۆڕن بۆ چەند بەدیلێکی کاریگەر لە ناوخۆدا:

-لە جیاتی ناردنی پارە بۆ دەرەوە، دەکرێت سندوقی ھەمیشەیی بۆ ھاوکاریکردنی خێزانە بێدەرەتانەکان و دابینکردنی کرێ مانگانەی ھەندێک لە کرێ نشینان.
- پشتگیریکردنی ناوەندەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت: دابینکردنی ئامێری پزیشکی، کورسی کارەبایی، و پێداویستی تایبەت کە ئێستا سەدان منداڵ و گەنجی ئەم نیشتمانە بەھۆی نەبوونیانەوە لە ماڵەوە بەند بوون.
-پرۆژەی بچووکی بەرھەمھێنەر بۆ خێزانە بێسەرپەرشتەکان: گۆڕینی پارەی خێر لە بەخشینی کاتییەوە بۆ کڕینی ئامێری کار (وەک ئامێری خەیاتی، یان کەرەستەی دووکانداری) بۆ ئەوەی خێزانەکان خۆیان بژەنن.
-سندوقی فریاگوزاری پزیشکی: دابینکردنی نرخی نەشتەرگەری و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەک شێرپەنجە و تالاسیمیابۆ ئەو ھاووڵاتیانەی توانای داراییان نییە.
ماوەتەوە بڵێم کورد وەتەنی؛ "خێر بۆخوێش نەک بۆ دەروێش"

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×