لە شاری حەسەکە و چەندین ناوچەی دیکەی پارێزگاکە، گردبوونەوە و خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری دژی کوژرانی "سیپان حوزنی"، ئەندامی لیوای حەسەکە بەڕێوەچوو.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی ڕابردوو سیپان حوزنی لەلایەن گرووپێکی چەکدارییەوە ڕفێندراوە و پاشان کوژراوە. ئەم ڕووداوە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی توندی لای هاووڵاتییان و لایەنە جیاوازەکانی ناوچەکە دروستکردووە.
لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا، ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری حەسەکە گردبوونەوەیەکی فراوان ڕێکخرا، هاوکات لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی سەر بە پارێزگای حەسەکەش خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ئیدانەکردنی ئەو کارە و شەرمەزارکردنی ڕووداوەکە بەڕێوەدەچێت.
لە میانی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکاندا، هاووڵاتییان بە توندی داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زووترین کات ناسنامەی بکوژان و ئەنجامدەرانی ئەم کارە ئاشکرا بکەن، هەروەها ڕێکاری یاسایی پێویست بۆ لێپرسینەوە و سزادانی تاوانباران بگرنەبەر.