یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
  2026-09-11     

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال دەست دەکەن بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت، و جەختی لەوە کردەوە کە چیای شنگال بە تەواوی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنی و کارگێڕییەکانی.

ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، زەیدی پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی (هاوپەیمانیی پرسی ئێزیدی) بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار موراد ئیسماعیل، لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ لەبارەی ڕەوشی گشتیی قەزای شنگال، پرسی سەقامگیری، ئاوەدانکردنەوە و ئایندەی دانیشتووانەکەی کراوە.

لە دیدارەکەدا زەیدی ئاماژەی بەوە داوە کە قەتیسکردنی چەک بەتەنیا لە دەستی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، بناغەی سەرەکیین بۆ پاراستنی خەڵکی قەزاکە و چەسپاندنی سەقامگیری. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە بڕیاری ڕادەستکردنی چەک بەشێکە لە هەوڵەکانی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان و کۆتاییهێنان بە فرەجەمسەریی ئەمنی لە ناوچەکەدا.

لە بەرامبەردا، سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە دەوڵەت ماف و قوربانیدانی ئەندامانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال و یەکینەکانی ژنان دەپارێزێت. ئەمەش لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی دۆخیان و تێکەڵکردنی ئەو کەسانەی کە مەرجەکانیان تێدایە بە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، بەپێی چوارچێوە یاسایی و فەرمییەکان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی خزمەتگوزاریی قەزاکە، پێداویستییەکانی ژێرخان، ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان. هاوکات باس لە کێشە کارگێڕییەکانی قەزاکە، بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان و سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال کرا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیران پێگەی پێکهاتەی ئێزیدی بەرز نرخاند و وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن و سەرچاوەی هێز و سامانی نیشتمانیی عێراق وەسفی کردن. سەبارەت بەو تاوانانەی لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە بەرامبەریان کراوە، زەیدی دووپاتی کردەوە کە حکومەت سوورە لەسەر گێڕانەوەی مافەکانیان و چارەسەرکردنی دەرهاویشتەکانی ساڵانی تیرۆر و ئاوارەیی. هەروەها هۆشداری دا کە دەوڵەت ڕێگە نادات شنگال ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان، و هیچ دەسەڵاتێکی ئەمنی و سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قبووڵ ناکرێت.

لە چوارچێوەی هەنگاوە کردارییەکانیدا، زەیدی چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە:

١. داواکردنی سوودمەندبوونی پێکهاتەی ئێزیدی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (یەک ملیۆن پارچە زەوی).

٢. ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ گەڕانەوەی تەواوەتیی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

٣. چاودێریکردنی دۆسیەی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووری.

٤. پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شنگال و دیاریکردنی پێداویستییەکانیان، لەگەڵ چاودێریکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی پاراستنی شنگال بە دامەزراوە فەرمییەکان و ڕێکخستنی دۆخی یاساییان.

لە کۆتاییدا، سەرۆک و ئەندامانی شاندە میوانەکە پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران ڕاگەیاند، بەتایبەتی لە پرسی چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، ڕادەستکردنی چەک، بەدامەزراوەییکردنی یەکینەکانی شنگال، هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چاکسازییە ئابوورییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق دەربڕی.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×