دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک لە پێکدادانی سەخت لەنێوان هێزەکانی حکومەت و چەکدارانی گرووپی ئەنساروڵا (حوسییەکان) لە چەندین بەرەی جیاوازەوە، ڕەوشی سەربازی لە یەمەن لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا پێشهاتی خێرای بەخۆیەوە بینی. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان لە سەرچاوە حکومییەکانی یەمەنەوە، حوسییەکان توانیویانە کۆنترۆڵی شاری موخا لەسەر دەریای سوور بکەن و گەیشتوونەتە هەردوو دوورگەی حەنیشی گەورە و بچووک.
ئاوێنە: لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی نزیک لە حوسییەکان بڵاویان کردەوە کە دوای پاشەکشەی یەکینە سەربازییەکانی حکومەت، شاری حەیسـیان لە باشووری پارێزگای حودەیدە کۆنترۆڵ کردووە. هاوکات، ئاژانسەکانی ڕۆیتەرز و فرانس پرێس لە زاری سەرچاوە حکومییەکانەوە ئەوەیان گواستووەتەوە کە چەکدارانی حوسی گەیشتوونەتە شاری زوباب لە پارێزگای تەعز و دوورگەی مەیونـیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حکومەتی یەمەن بە فەرمی هیچ ڕاگەیەندراوێکی بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی ئەم پێشڕەوییانەی حوسییەکان بڵاونەکردووەتەوە کە لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵەوە باس دەکرێن.
لە چوارچێوەی ئەم پێشهاتانەدا، میدیاکانی سەر بە گرووپی ئەنساروڵا (حوسییەکان) ڕایانگەیاند کە فڕۆکەخانەی موخا کراوەتە ئامانجی دوو هێرشی ئاسمانی، و ئاماژەیان بەوە کرد کە هێرشەکان لەلایەن "فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە"وە ئەنجام دراون.
لە بەرامبەر ئەم پێشڕەوییانەدا، تارق ساڵح، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن ڕایگەیاند، فەرمان بە هێزەکانی حکومەت لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کراوە بۆ ئەوەی دوای هێرشەکانی حوسییەکان ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە. هاوکات، وتەبێژی هێزەکانی حکومەتی یەمەن هۆشدارییەکی توندی داوەتە هاووڵاتییانی مەدەنی کە تاوەکو کاتێکی نادیار ڕێگای تەعز-موخا بەکارنەهێنن. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت سوورە لەسەر بەئامانجگرتنی هەر جووڵەیەکی حوسییەکان لەو چوارچێوەیەدا و وەک "ناوچەی کوشتارگە" (منطقة قتل) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لەسەر ئاستی مەیدانیش، هێزەکانی حکومەتی یەمەن ئاشکرایان کرد کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان دەستپێکردووە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی کەدحە لە قەزای مەقبەنە لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعز، و جەختیان لەوە کردەوە کە لەم هەڵمەتەدا پێشڕەوییان بەدەستهێناوە.