شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی، مژدەی کۆتاییهاتنی وەرزی گەرمای ئەمساڵی ڕاگەیاند و پێشبینی دەکات پایزێکی پڕ باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکات، هاوکات هۆشداریش لە ئەگەری دروستبوونی لافاو دەدات.
کۆتایی گەرما و دۆخی کەشوهەوای ئایندە:
ئاوێنە: بەهۆی کشانەوەی نزمەپەستانی وەرزیی زەریای هیندی، کە هۆکاری سەرەکیی گەرما توندەکانی هاوینە، شەپۆلەکانی گەرما لە عێراق و هەرێم کۆتاییان هاتووە. سەبارەت بە ڕۆژانی داهاتووش، کاریگەریی شێی دەریای ناوەڕاست دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەبروسکە و تاوەبارانی کورتخایەن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.
گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرما:
لە ئێستادا پلەکانی گەرما جێگیرن، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگدا بەهۆی هاتنی بەرزەپەستانێک لە چینەکانی سەرەوەی هەوادا، ئەگەری هەیە بەشێوەیەکی کاتی (١ بۆ ٢ پلە) بەرزببنەوە و دواتر ڕوو لە دابەزین دەکەنەوە.
شەپۆلەکانی بارانبارین و پایزی ئەمساڵ:
لە ١٥ بۆ ٢٠ی مانگ: نزمەپەستانێکی دەریای ناوەڕاست کار دەکاتە سەر بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم.
کۆتایی مانگ: بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە، ڕێژەی تاوەباران و هەورەبروسکە فراوانتر دەبێت.
مانگی ١٠ و وەرزی پایز: پایزێکی پێشوەختە و پڕ داباران چاوەڕوان دەکرێت کە تێیدا پەڵە لە زۆرینەی ناوچەکان دەدات. هیچ مەترسییەک بۆ وشکەساڵی نییە، بەڵام پێشبینی دروستبوونی لافاوی گەورە لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت.